خوێندن له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌کرێت به‌ زمانی ئینگلیزی
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i248116-خوێندن_له_هه_رێمی_کوردستانی_عێراق_ده_کرێت_به_زمانی_ئینگلیزی
بەبڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی فەرمانرەوایی هەرێمی کوردستانی عێراق ، ساڵی نوێی خوێندن ، زمانی فێرکردن لە بەشێک لە خوێندنگاکان بۆ وانەکانی زانست‌ و بیرکاری لە زمانی کوردیەوە دەگۆڕیت بۆ ئینگلیزی.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 19, 2016 07:37 Asia/Tehran
  • خوێندن له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌کرێت به‌ زمانی ئینگلیزی

بەبڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی فەرمانرەوایی هەرێمی کوردستانی عێراق ، ساڵی نوێی خوێندن ، زمانی فێرکردن لە بەشێک لە خوێندنگاکان بۆ وانەکانی زانست‌ و بیرکاری لە زمانی کوردیەوە دەگۆڕیت بۆ ئینگلیزی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی "سبه‌ی"، ماوەی ساڵێکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کار بۆ گۆڕینی زمانی خوێندن دەکات لە بەشێک لە خوێندنگەکان بۆ وانەکانی زانست‌ و بیرکاری لە زمانی کوردییەوە بۆ ئینگلیزی و بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند: پەیڕەوکردنی ئەو بڕیارە، بەخواستی بەشێکی زۆری کەسوکاری خوێندکاران بووە.

شێرکۆ حەمەئەمین ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق دەڵێت: "ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە پێچەوانەی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2014 یە کە بەپێی یاساکە، زمانی فەرمی خوێندن لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق ، زمانی کوردییە".

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە ی کوردستانی عێراق ، بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی (246) قوتابخانە زمانی خوێندنیان دەبێتە زمانی ئینگلیزی ، ئەو بڕیارەش باخچەی ساوایان‌و قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ساڵی پار بۆ ئەو مەبەستە چەند خولێکی ڕاهێنانیان بۆ مامۆستایان کراوەتەوە.