پارێزگاری تازەی سلێمانی هەڵبژێردرا
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان ، پارێزگاری تازەی سلێمانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق ، پێشتر و لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی و بزوتنەوەی گۆڕان ، بڕیار درا کە لەسەر بنەمای
رێککەوتنی نێوان دوو لایەن ، ئاسۆ فەرەیدون ، پارێزگاری سلێمانی لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی لە پۆستەکەی بکشیتە وە و کەسێکی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان لە جیاتی هەڵبژێردرێ.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرەڕای گرژیی و دمەقاڵەی نێوان سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگاریی سلێمانی بە هۆی پرسە مافەوانیی و یاساییەکانی ئەو گواستنەوەیە ، دەست لە کار کێشانەوەی ئاسۆ فەرەیدون قەبوڵ کراوە و هەواڵ ئەبوبەکر ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەوە ، وەک پارێزگاری تازەی سلێمانی هەڵبژێردرا.
هەڵبژێردرانی پارێزگاری تازەی سلێمانی بوو بە هۆی کێشەی گۆڕان و پارتی . دانا جزا لە نوێنەرانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە پارێزگاری تازەی سلێمانی ، ئەگەر لە بەرامبەر سەرۆکی هەرێم و وەرزیری ناوخۆ دا سوێند نەخوا ، یاسایی نییە بەڵام ئیسماعیل نامق ، یەکێک لە ئەندامانی پایە بەرزی بزوتنەوەی گۆڕان ، یاسایی بوونی پارێزگاری گەڕاندەوە بۆ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا.