پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق
ئەمڕۆ سییەمی سێپتەمبەری 2018، پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێم لە بەرواری سیشەممە 19ی مانگی مای 1992 بەڕێوە چوو و بە گوێرەی ماددەی 8ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی پەسەندکراوی پەرلەمانی هەرێم، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێم دەبێ هەر چوارساڵ جارێک و هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی سیاسیی بەردەوامی نێوخۆی هەرێم، بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە مەودایێکی زۆرتر و درەنگتر لە کاتی دیاریکراو بەڕێوە چووە بە چەشنێک کە خەڵکی هەرێم شایەدی 10 ساڵ وەپاش کەوتنی ڕەوتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێم بوون بەواتایێکی دیکە لە حاڵێکدا بە شێوەی ئاسایی پەرلەمانی هەرێم ئێستا دەبێ لە نیوەی خولی حەوتەمی خۆی بووبایە کەچی هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی بەڕێوە بردووە.
هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان کە بڕیار بوو یەکەمی نۆڤەمبەری 2017 بەڕێوە بچێت بە هۆی هەلومەرجی هەرێم لەپاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بۆ ماوەی 10 مانگ وەدوا خرا و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیش بۆ ماوەیێکی نادیار وە پاش خراوە.
بە پێی ئامارە ڕاگێندراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، 3ملوێن و 85 هەزار و 461 کەس مەرجی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە. ژمارەی كاندیدەكان لە 773 كاندید پێكهاتوون، كە ركابەری لەسەر 111 كورسی پەرلەمانی دەكەن، كە ئەو كاندیدانەش نوێنەری 30 لیستو کۆتلەی سیاسین. لەلیستو لایەن و کۆتلەکاندا سێ هاوپەیمانی هەیەكە چەند لایەنێك ئەو هاوپەیمانییەیان پێكهێناو.
لە 111 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی، تایبەت بە پێكهاتە و کەمینەکانی هەرێمن، كە 5 كورسی بۆ توركمانو 5 كورسی بۆ مەسیحییەکان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەنەكانە .لایەنە سەرەكییەكانی بەشدار لەهەڵبژاردنەكە لەپارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانیو بزووتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی پێكهاتوون .
هەروەها بە پێی یاسا، دەبێ لەسەتا 30ی نوێنەرەکانی پەرلەمانی هەرێم لە ژنان پێک هاتبێت، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، 532 پیاو ڕکابەریان لەسەر 77 كورسی کردووە و 241 ئافرەتیش ململانێیان لەسەر 34 كورسی کردووە .
یەکێک لە کێشە هەمیشەییەکانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان«ساختەكاری» یە که كاریگەری راستەوخۆی بووە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
هەروەها شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان لەدەنگی ئەمریکا دەڵێت" پـێشتر 20 کورسی پەرلەمان بە هۆی دەنگی ساختەوە بوو بەڵام نزیکەی 9 مانگ لەمەوبەر دەستمانکرد بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تائێستا کاری زۆر باشیشمان لەسەر کردووە؛ توانیومانە بەشێکی زۆری ئەو ناوە دووبارانەی کە پێشتر هەبووە؛ وەک ناوی ئاوارەکانی مادەی 140 و ناوی ئەو بەرێزانەی کە تەمەنیان لەسەرووی 100 ساڵەوە بوون، یاخود ئەوانەی وا بەشێکیان لەتۆمارەکەدا هەبوون و لەژیاندا نەماون، بسڕینەوە"
لە ئاوەها هەلومەرجێکدا و بە سەرەنجدان بە ناکۆکییە بەربڵاوەکانی نێوان پارت و لایەنەکان بەتایبەت ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی نێوان پارتی و یەکیەتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەچوو کە هەر لەم پەیوەندییەدا چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی وا لە پلانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق ناکرێت.