کاردانەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستانی ئێراق
یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی کرد لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ لە بەیاننامەکەی یەکێتیی ئەورووپادا هاتووە: پاش وەدواخرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو نۆڤەمبەری ٢٠١٧ بەڕێوە بچێ، بەڕێوە چوونی ئەم هەڵبژاردنانە لە باروودۆخی هەنووکەدا گەلێک گرینگە؛ بەتایبەت ئەوەی کە ڕاپۆرتە بەراییەکان باس لە بوونی ڕەوتێکی ئارام و بێ کێشە لەو هەڵبژاردنانە دەکەن.
یەکێتیی ئەورووپا بە پێداگری لە سەر خێرایی و ڕوون بوونی ڕەوتی ژمێردرانی دەنگەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی هەڵبژاردەیی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کرد ئەنجامەکەی قەبووڵ کەن و هەرچەشنە بانگەشەی گزیکاریش لە ڕێگای پرۆسەی یاساییەوە پێ و شوێن بگیردرێ.
یەکێتیی ئەورووپا لەم بەیاننامەیەدا خۆی بە پشتیوان و هاوڕیی بەهێزی وڵاتی ئێراق و بەتایبەت ناوچەی کوردستانی ئەم وڵاتە ناساندووە.
پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستانی ئێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سێپتەبەر بە ململانێی نێوان ٦٧٣ بەربژاری سەر بە ٢٩ پارت و بزووتنەوەی سیاسی بۆ دەس خستنی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.
نزیکەی سێ ملوێن و ١٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان شیاوی بەشداری لەو هەڵبژاردنانە بوون.