هەرێمى کوردستان ئامادەیى دەربڕیوە بۆ رادەستکردنى نەوت بە دەوڵەتی بەغدا
ئەندامێکى شاندى دانوستانکارى هەرێم لەگەل بەغدا، ئاشکرای کردووە کە هەرێمى کوردستان ئامادەیى دەربڕیوە رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات.
به پیی راپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی «سبەى» ھەرێمی کوردستانەوە:خالید شوانى، وەزیرى هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەندامى شاندى دانوستانکارى هەرێم لەگەڵ بەغدا راگەیاندووە: کۆبونەوەکانمان ئەرێنى بوونە و هەردولامان قسەى تەواومان بۆ یەکترى کردووە، ئێمە ئامادەییمان دەربڕىوە نەوت رادەستى بەغداد بکەین بەمەرجى جێبەجێکردنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان بە پێى دەستور و رێککەوتنەکانى هەردولا.
ناوبراو وتووشیەتى: ئەوان بەم زووانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى خۆیان کۆدەبنەوە تاوەکو خاڵە هاوبەش و ناکۆکەکان کۆبکەنەوە، بۆیە داوایان لە ئێمە کردووە کە وردەکارى لەسەر گفتوگۆکانى ئەم دواییەیان بدەینێ، تا بزانن ئەو بڕگانەى گفتوگۆمان لەسەر کردوون مەبەستمان چی بووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، شاندێکى هەرێمى کوردستان کە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، خالید شوانی وەزیری هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتبون، سەردانى بەغدایان کردو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوت لە بارەى پرسى بودجەى هەرێم و دابینکردنى شایستە داراییەکان کۆبونەوە.
کۆبونەوەکەى دوینی بەبێ هیچ رێککەوتنێک و ئیمزایەک کۆتایى هاتوە، بەڵام لێکتێگەییشتن و بەرەوپێشچونى باش لە پەیوەندى هەردولا بەدیکراوە بۆ رێککەوتن و بڕیاریشە رۆژى دوشەممە، جارێکى دیکە هەمان شاندى هەرێم سەردانى بەغداد بکات و درێژە بە گفتوگۆکان بدات.
پرسى دابینکردنى شایستە داراییەکانى هەرێم و رادەستکردنى نەوتى هەرێم بە حکومەتى ناوەندى، چەند ساڵێکە خاڵى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدایە و هەردولاش یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبون.