ڕەخنەی تاقم و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق لە سەردانی «مایک پێنس» بۆ وڵاتەکەیان
سەردانی پێشتر ڕانەگەیەندراوی «مایک پێنس» یاریدەری «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عێراق لەگەڵ ڕەخنەی تاقم و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق دا بەرەوڕوو بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،«مایک پێنس» یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە گەشتێکی پێشتر ڕانەگەیەندراودا سەردانی عێراقی کرد.
یاریدەرەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوای گەییشتنی بە عێراق سەرەتا سەردانی بنکەی ئەمریکی «عەینولئەسەد»ی کرد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق و ئینحا لەوێوە ڕاستەوخۆ بەرەو ھەولێر وەڕێ کەوت.
پێنس لەم گەشتەی دا لە باتی دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە بەغدا، لە ھەولێری باکووری عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیدارو وتووێژی کرد.
مایک پێنس لە دیدارەکەدا پێی داگرت: ھێزەکانی ئەمریکی لە سووریاو عێراق دا دەمێننەوە.
ئەمەو ڕادیۆ نیشتیمانیی ئەمریکاش بە گێڕانەوە لە کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکی باسی داخوازیی سوکایەتی کارانەی پێنسی کرد بوو لە عادڵ عەبدولمەھدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چاوپێکەوتنی لە بنکەی ئەمریکیی «عەینولئەسەد» و ڕایگەیاند کە عادڵ عەبدولمەھدی ئەو داخوازییەی ڕەت کردووەتەوە.
ئەم کاربەدەستە ئەمریکییە ھۆی خۆبواردنی عادڵ عەبدولمەھدی لە چاوپێکەوتنی پێنسی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە عێراقییەکان جەماوەرێکی سەربەرزن.
ھاوپەیمانیی نەسری عێراق شەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەک دا سەردانە چاوەڕوان نەکراوەکەی «مایک پێنس» یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عێراق و بەسەر کردنەوەی بنکەی ئەمریکی «عەینولئەسەد»و ھەولێری بە پێشێلکەری سەروەریی عێراق زانی.
کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقیش سەردانە پێشتر ڕانەگەیەندراوەکەی «مایک پێنس» یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عێراقیان وەک سوکایەتییەکی گەورە بە سەروەریی وڵاتەکەیان لێک داوەتەوە.