سەڵاحەدین بەهادین: ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت.
به پێی راپۆرێکی وێستگە نیوز ، لە دەستپێکی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگتووی ئیسلامی کوردستاندا، سەڵاحەدی محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی ئێستای یەکگرتوو وتارێکی خوێندەوەو رایگەیاند، ناکرێ یەکگرتوو لە رووداوەکانی ئێستا بێخەم و بێدەنگ بێت.
راشیگەیاند، خواستی خۆپیشاندەران بایەخ و لەسەر وەستان و پشتگیری و عیبرەت لێ وەرگرتنی دەوێت تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش بەڵام ئەمنیەتی وڵاتیش گرنگە و دەبێ حسابی بۆ بکرێت.
وتیشی "وەک یەکگرتوو هەمیشە دووربووین لە ململانێ و شەڕی ناوخۆ، بێ لایەنیشمان باجی پێداوین بەڵام تەحەمولمان کردووە". ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی ٢٦ ساڵە یەکگرتوو بە بنەمای میانڕەوی و تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە ناسراوەو جێگە و پێگەی خۆی لەناو سیاسەت و خەڵکدا کردووەتەوە.
لەبارەی جیاکردنەوەی بانگخوازی و سیاسەت لەناو یەکگرتوودا وتی، " جیاکردنەوەی پرسی بانگخوازی و سیاسەت شتێکی نامۆ نیە ئەگەر بگەینە نەتیجە و بارودۆخی ناوخۆ و دەرەکی گونجاو بێت".
لە بارەی کاری هاوبەشی ئیسلامی وتی، "لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە بە مرونەتەوە کارمان لەسەر کرد لەگەڵ لایەنە ئسلامیەکان کۆبوونەوەو گفتوگۆی جدیمان کرد و تا ئەو کاتەی گەیشتینە دروستکردنی لیستێکی هاوبەشی ئیسلامی بەڵام کە گەیشتینە ئەو قۆناغە چەند گرفتێک پێشهات نەمانتوانی ئەو گرفتانە تێپەڕێنین".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 28 ی کانونی یەکەمی 2019 هەشتەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان به بهشدارى 900 ئهندام لە شاری هەولێر، دەستی بە کارەکانی کرد.