بەرپرسی مەڵبەندەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی دیاری کران
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەی ئەمڕۆیدا دەنگی بە 16 کەسدا کە پێشوتر لە مەڵبەندەکانی خۆیاندا هەڵبژێرابوون و راستەوخۆ دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان.
راگەیاندنی فەرمی یەکگرتو بڵاویکردوەوە لە چوارچێوەی هەشتەمین کۆنگرەی خۆیدا کە لە شاری هەولێر بەڕێودەچێت، یەکگرتو بەرپرسی مەڵبەندەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژارد کە ژمارەیان 16 مەڵبەندە و بەرپرسی مەڵبەندەکانیش راستەوخۆ بونەتە ئەندامی سەرکردایەتی.
هەروەها لە کۆنگرەی ئەمجارەی یەکگرتودا 19 کەس بۆ ئەنجومەنی دەستەی باڵای چاودێری و 16 کەسیش بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، بەو شێوەیەش 27 کەس بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەمێننەوە کە لە کۆنگرەدا یەکلابکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش 72 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی کاندید کردوە.
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 نۆ کورسی بەدەستهێنا، لە ساڵی 2009 ژمارەی کورسییەکانی بۆ شەش کورسی دابەزی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 ش کورسییەکانی بۆ 10 کورسی زیادیکرد.
بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە 50%ی کورسیەکانی لەدەستدا و تەنها پێنج کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا، لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی دو کورسی پەرلەمانیە.