سەرۆکی پەرلەمانی هه ریمی کوردستان لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i375170-سەرۆکی_پەرلەمانی_هه_ریمی_کوردستان_لەسەر_پرۆژە_یاسای_چاکسازی_روونکردنەوەیەکی_بڵاوکردەوە
لەسەر گفتوگۆکانی پرۆژە یاسای چاکسازی لەپەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پەرلەمان خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت" ئەو گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی کە لەو دوو رۆژەدا رویدا خاڵی بەهێز و زیندووی ئەم خولەی پەرلەمانە و پەرلەمانیش دەبێ وابێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 15, 2020 12:17 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پەرلەمانی هه ریمی کوردستان لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

لەسەر گفتوگۆکانی پرۆژە یاسای چاکسازی لەپەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پەرلەمان خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت" ئەو گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی کە لەو دوو رۆژەدا رویدا خاڵی بەهێز و زیندووی ئەم خولەی پەرلەمانە و پەرلەمانیش دەبێ وابێت.

رێواز فایەق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک  رایگەیاندووە، خۆشحاڵم کە لە کەشوهەوایەکی دیموکراتی و پەرلەمانیدا گفتوگۆ و ڕا جیاوازەکان لە ناو پەرلەماندا لەسەر پڕۆژەی چاکسازی بەڕێوەچوو، ئەمەش خاڵی بەهێز و زیندووی ئەم خولەی پەرلەمانە و پەرلەمانیش دەبێ وابێت".

ئاماژەی بەوەشداوە" جیاوازی ڕوانگەی پەرلەمانتار و ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی دەستوریی و یاساییە و گرنگ ئەوەیە لە هۆڵی پەرلەمان هەمووان وەک یەک دەرفەتی ڕادەربڕینیان پێدەدرێت و دەرئەنجامی ئەمەش دەشێت هەندێک جار بەریەککەوتنی لێبکەوێتەوە".

جێگای ئاماژەیە، پڕۆژە یاسای چاکسازى لە خانەنشینى موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانى دیکە، کە لە پەرلەمانى کوردستانە و خوێندنەوەى دوەمى بۆ دەکرێت،لە ناوشەقامى کوردستانیدا مشتومڕى گەرمى دروستکردوە.

بەشێک لەشەقامى کوردى ئەم هەوڵەى لا پەسەندە و بە هەنگاوێکى سەرەتایی دەبینێت بۆ دەستکردن بە پڕۆسەیەکى فراوانتر و گەورەترى چاکسازیی کە حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان بخاتە سەر رێگایەکى راست.

بەڵام بەشێکى دیکە لە شەقامى کوردى هیوایەکى ئەوتۆى بەم پڕۆژەیاسایە نیە و پێی وایە خەونى چاکسازى "وەک ئەوەى داوا دەکرێت" بەدی ناهێنێت.

پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاستى ئەم یاسایە، یاسایەکى باشەو هەڵگرى ناونیشانەکەیەتى کە "چاکسازی"یە، یاخود نەخێر ئەم یاسایە لە ئاست پێویست و چاوەڕوانییەکاندا نییە و شەرعییەت بە جۆرێک لە نادادى و نایەکسانى دەبەخشێت وەک ناڕازییەکان دەڵێن؟

 رەخنەى یەکەم کە لەم پرۆژە یاسایە دەگیرێت بڕگەى خانەنشینى پلەباڵایە کە نامتمانەیی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا دروستکردوە، ئەوانەى ناڕازین پێیانوایە پێویستە خانەنشینکردن لە هەرێمى کوردستان بە یەک شێوە بێت و یاسایەکى یەکگرتوى هەبێت.

ناڕازیەکان داوا دەکەن یاسای خانەنشینى یەکگرتو وەک چۆن لە عێراق هەیە لە کوردستانیش جێبەجێبکرێت.

کەمترین موچەى خانەنشینى و زۆرترین موچە یەکێکى ترە لەو بابەتانەى رەخنەى لەسەرە، حکومەت دەڵێت تواناى ئەوەى نیە ئاستی کەمترین موچە دیارى بکات کە داوادەکرێت (400) هەزار کەمتر نەبێت.

پڕۆژە یاساکە لە لایەن سەرجەم لایەن و فراکسیۆنەکان پشتیوانىی لێ دەکرێت، وەک چۆن لە سەرجەم لایەنەکان رەخنەگریشى هەیە، بەڵام خاڵى یەکەم بۆ پشتیوانى ئەم پڕۆژە یاسایە ئەوەیە کە لەروى پرنسیپەوە کوردستان بەتەواوى پێویستى بە پڕۆسەیەکى چاکسازى فراوان هەیە و چەندین لایەنى حوکمڕانى و کارگێڕى هەرێم بەدەست خراپى و گەندەڵى و بەهەدەردانەوە دەناڵێنێت بۆیە چاکسازیەکە لەروى مەبدەئیەوە لەهەمو لایەکەوە پشتیوانى دەکرێت ئەوەى ناکۆکى دروستکردوە چەند مادەیەکى بنەڕەتیی پڕۆژە یاساکەیە.