دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی جیھان لە داڤووس
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی جۆربەجۆر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی جیھانیی داڤووس، چەندین دیدارو دانیشتنی لەگەڵ سەرکردەو کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ئەنجام دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە بە پێی بانگێشتنی فەرمی بەشداریی کۆبوونەوەی جیھانیی داڤووس لە سوییسڕای کردووە، لە دیدارگەلێکی جیاجیادا لەگەڵ سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا، ئەفغانستان و ئازەربایجان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی، سەرۆک وەزیرانی ئەردەن و سەرۆکی ڕێکخراوەی جایکا باس ووتووێژی کرد.
بارزانی لە پەراوۆێزی ئەم کۆبوونەوانەدا، دیدارگەلێکی جیاشی لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان و ھەروەھا ئیلھام عەلی ئێف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئەنجام دا.
ڕاوێژ لە بارەی دوایین ئاڵ و گۆڕەکانی عێراق و ناوچەکەو ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە تەوەرانەی وتووێژی بارزانی لەگەڵ ئەشرەف غەنی و عەلی ئێف بووە.
بارزانی ھەروەھا کۆمەڵێک دیداریشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی، سەرۆک وەزیرانی ئەردەن و سەرۆکی ڕێکخراوەی ئابووریی جایکا، وەزیری دەرەوەی سویید، سەرۆک کۆماری ئەرمەنستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام داوە.
ناوبراو لەو دیدارانەدا لە سەر ئامادە بوونی ھەرێمی کوردستان و خۆشکرانی بەستێنی پێویست بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی و چالاکیی کۆمپانیا بیانییەکان لە بواری ئابووریی ھەرێم دا پێی داگرتووە.