عەلی حەمە ساڵح : هەرێمی کوردستان دەبێ پەیوەندی خۆی لە گەڵ ئێران بپارێزێت
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێیوایە کە هەرێم سەرەڕای خوێندنەوەی پەیوەندییە جیهانییەکان دەبێ پەیوەندی خۆی لە گەڵ ئێران بپارێزێت.
عەلی حەمە ساڵح ، سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتووێژ لە گەڵ بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی مێهر، باسی لە دۆخی شڵەژاوی عێراق و ئەرکی هەرێمی کوردستان لە ململانێیەکانی ناوچەکە کرد.
عەلی حەمە ساڵح لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیەی کە ئەگەر ئەمریکاییەکان هێزەکانیان لە عێراق ببنەدەرەوە، دەیانگوازنەوە بۆ بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ئەمە ڕەنگە کاریگەرییەکی مەترسیداری لە سەر پەیوەندی ئێران و هەرێمی کوردستان ببێت، وتی: "دیدی ئێمە وایە هەرێمی کوردستان دەبێ پەیوەندی خۆی لە گەڵ ئێران بپارێزێت و هاوکات هاوسەنگیە نێودەوڵەتییەکانیش بخوێنێتەوە. "
عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە دۆخی ئێستای وڵاتی عێراقیش ڕایگەیاند کە "دۆخی عێراق زۆر ناجێگیرە و لە هەموو چرکەیەکدا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و نەبوونی حکوومەتێکی جێگیری بەهێز وای کردووە کە ئێستا بواری دروست بوونەوەی تیرۆر لە عێراق ببێت."
هەروەها لەبارەی ڕەوتی چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، جەختی کرد: "دوای ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ڕابردوودا کراوە تا ئێستا هێج هەنگاوێکی کردەیی بە دوایدا نەهاتووە لە بەر ئەوەی کە ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکی کاربەڕێکەرە و ڕەنگە توانای ئەوەی نەبێت کە واژۆ لە سەر ڕێککەوتنەکان بکات و بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە."