جەختی یەکینەکانی پاراستنی شنگال لە سەر مانەوەی لە ناوچەکەدا
فەرماندەرێکی یەکینەکانی پاراستنی شنگال جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دژی ئەم ھێزانە قەت نابێتە ھۆی کشانەوەیان لە شنگال و ئەم ھێزانە مۆڵگەکانیان لە ناوچەکە چۆڵ ناکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، لە کاتێکدا کە لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بووە ھۆی کوژران و بریندار بوونی فەرماندەرێکی یەکینەکانی پاراستنی شنگال لە ناوچەی شنگالی سەربە پارێزگای نەینەوای عێراق و دەنگوباسێک لەمەڕ چۆڵ کرانی بنکەو مۆڵگەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال بڵاو ببووەوە، کەچی ئەم ھێزانە لە سەر مانەوەیان لە ناوچەکەدا پێداگرن.
لەم بارەیەوە «فەقیر دژوار» لە سەرکردەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کەرکوک ناو وتی: تەواوی ئەو ھەواڵانەی کە سەبارەت بە چۆڵ کردنی ناوچەکە لە لایەن ئەم ھێزانەوە بڵاو دەینەوە بە تەواوی درۆن و یەکینەکانی پاراستنی شنگال قەت مۆڵگەکانیان لە ناوچەی شنگال چۆڵ ناکەن.
ناوبراو وتیشی: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو جێگۆڕاکێ و جوڵە بە ھێزەکان لە شنگال و گردوپەڕی دا کراوە کە ئەمەش بەشێک لە چالاکییە ئاساییەکانی ئەم ھێزانەیە و ھیچ پەیوەندییەکی بە ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە نییە.
تورکیا پێشتر چەندین جار بە بیانووی بوونی ھێزەکانی پاراستنی شنگال، ئەم ناوچەیەی بوردومان کرد بوو.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، ھێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکانی ھەرێمی کوردستانیش بە بیانووی بوونی ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لەم ناوچانە بە شێوەی ڕۆژانەو بێ وچان بەردەوامەو ئەم ھێرشانە ھەتا ئێستا گیان لە دەست دانی زۆرێک لە شارومەندانی ھەرێمی لێ کەوتووەتەوەو ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوونە.
ئەم شاڵاوانەی تورکیا ھەروەھا تێکڕووخانی ژێرخانەکانی ئەم ناوچانەشی لێ کەوتووەتەوەو لە ئەنجام دا ھەتا ئێستا بووەتە ھۆی چۆڵ کرانی ٤٥٠ گوندی سەرسنووری ئەم ناوچەیە. جەماوەری ھەرێمی کوردستان گەلێک جار دژی ئەم شاڵاوانەو ئامادە بوونی لەشکریانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ناڕەزامەندییان دەربڕیوە.