یەکێتی: بە توندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر گوندی چەخماخە دەکەین
شەوی رابردوو هێرشێکی چەکداری کرایە سەر گوندی چەخماخە لە سنووری قەزای دووبز و بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە تووندی ئیدانەی هێرشەکە دەکات و رایدەگەیێنێت "پێویستە هەنگاوی جیدی و پێویست بنرێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و سەربازیی عێراق".
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "ئێمە لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری شەھید و قوربانییەکان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. تەئکید دەکەینەوە پێویستە هەرچی زووە کاری جیدی بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دروستبووە و بووەتە هۆی مەترسیی بۆ سەر گیان و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پێویستە حکومەتی فیدرال بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و رەسمی سەرشانی خۆی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە جێبەجێبکات کە بەهۆی ناکارایی ئیدارەی پارێزگاکە و نەگونجانی لەگەڵ ئیرادەی فرە رەنگی دانیشتووانیدا دروستبووە".