خەنجەر: رێکنەکەوتن لەگەڵ کورد هەڕەشە لە هاوبەشیی نیشتمانی دەکات
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حیزبی مەشرووعی وەتەنی لە ئێراق رایگەیاند، پێشکەشکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەبێ رێککەوتن لەگەڵ کورد هەڕەشە لە هاوبەشیی نیشتمانی دەکات
دوینی خەمیس خەنجەر لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند، "پێشکەشکردنی کابینەی حکومەت بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەبێ رێککەوتن لەگەڵ شاندی کورد هەڕەشە لە هاوبەشیی نیشتمانی دەکات و دەبێت رێگەچارەیەک هەبێت تایبەتمەندیی هەرێم لەبەرچاو بگرێت".
خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوە کردووە، "دەبێت لەو ماوەیەی کە دەستوور دیاریی کردووە، کار بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی رەزامەندیی هاوبەشە راستگۆکان بۆ پێدانی متمانە بە حکومەت، ئەگەرنا رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت".
چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا کۆببێتەوە بۆ پێدانی یان پێنەدانی متمانە بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد تۆفیق عەللاوی، بەڵام ئەو بابەتە ناکۆکیی زۆری لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست کردووە، بەتایبەت کورد و بەشێکی سوننە کە لە شێوازی دەستنیشان کرانی وەزیرانی کابینەکەی عەللاوی ناڕازین.