هەڤاڵ ئەبوبەکر: هاتووچۆکردن لەنێوان شار و شارۆچکەکانی سلێمانی قەدەخەکرا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i378122-هەڤاڵ_ئەبوبەکر_هاتووچۆکردن_لەنێوان_شار_و_شارۆچکەکانی_سلێمانی_قەدەخەکرا
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "تەواوی هۆیەکانی گواستنەوە رادەگیرێن و هاتووچۆکردن لەنێوان شار و شارۆچکەکانی سلێمانی قەدەخەکرا".
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 13, 2020 12:53 Asia/Tehran
  • هەڤاڵ ئەبوبەکر: هاتووچۆکردن لەنێوان شار و شارۆچکەکانی سلێمانی قەدەخەکرا

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "تەواوی هۆیەکانی گواستنەوە رادەگیرێن و هاتووچۆکردن لەنێوان شار و شارۆچکەکانی سلێمانی قەدەخەکرا".

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری تەندروستی و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "لە ماڵەکانی خۆتان بمێننەوە، تەواوی کافتریا و چێشتخانەکان دادەخرێن و هەر کەسێک بە قاچاخ بگەڕێتەوە کوردستان وەک تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی گوتی: "ژمارەی تووشبووان روو لە هەڵکشانە و ئەگەر جووڵەی هاووڵاتییان کەمنەکرێتەوە ناتوانین کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکەین".

د. سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوتی: "گوماندەکەین سەدان تووشبوو لەنێو خەڵکیدا هەبن و پێویستە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تووندتر بکرێن".

لە هەواڵێکی دیکەدا، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حەوت تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکراون، شەش کەس لەو تووشبووانە کەسوکاری مامۆستا ئایینییەکەن.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی؛ "لە بەردەوامیی پشکنینەکان، حەوت گومانلێکراوی دیکە بە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکران، شەش لەوانە لە خانەوادەی ئەو هاونیشتمانییەن کە گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکە لە ئیتاڵیا گەڕاوەتەوە".

پەیامنێری رووداو رایگەیاند، شەش لە تووشبووە نوێیەکانی سلێمانی تەندروستییان جێگیرە و ئەو تووشبووەی لە ئیتاڵیا گەڕاوەتەوە بە هەناسەتەنگی و تای بەرز سەردانی نەخۆشخانەی کردووە.

تەندروستیی سلێمانی داوایکردووە، ئەو کەسانەی چوونەتە پرسەی مامۆستا ئایینییەکە، بەزووترین کات سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ پشکنینی تەندروستی.

ئێستا بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان 27 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن، لەو ژمارەیە یەک کەسیان گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بەتەواوی چاکبووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، باری تەندروستیی زۆربەی تووشبووەکان جێگیرە.