بە بڕیاری مەسرور بارزانی بودجەیەکی دیکە بۆ فریاگوزاری خێرا تەرخانکرا
وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بۆ دووەمین جار بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەیەکی دیکە بۆ فریاگوزاری خێرا تەرخانکرا.
وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستانی عێراق راشیگەیاند، تائێستا 35 حاڵەتی تووشبوو بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، یەکێک گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکە باری تەندروستییان جێگیرە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دھۆک رایگەیاند: "تائێستا 35 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکە باری تەندروستییان جێگیرە".
گوتیشی: "دوێنێ بۆ دووەمین جار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ فریاگوزاری خێرا".
وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند: "بە پاڵپشتیی سەرۆک وەزیران زۆربەی ئامێرە پێویستەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دابینکراون".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە چەند رۆژی داھاتوودا چەند تووشبووێک رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە، بەڵام ئێمە پەلە ناکەین لە ناردنەوەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ ماڵەوە و بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکان دەکەین".
د. سامان بەرزنجی، جەختیکردەوە: "تائێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆک تۆمار نەکراوە".
ئاشکراشی کرد: "لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای عێراق، وەزیری تەندروستی عێراق ئەو راسپاردەیەی جێگیرکرد، کە پارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراوە".