هەژماری تووشبوان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٣٨ کەس
وەزارەتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە ناسی کرانی کەسێکی دیکەی تووشبوو بە کۆرۆنا ڤایرۆس لە شاری سلێمانی، هەژماری تووشبوان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ٣٨ کەس.
لەو ئاگادارینامەی کە لە لایەن وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو بۆتەوە ، هاتووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥٦ کەس لە هەرێمی کوردستان تاقیکاری دەرکەوتنی تووشبوون بە کۆرۆناڤایرۆسیان بۆ کراوە و لە ئەنجامی ئەو تاقیکارییانەدا تەنیا ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی سلێمانی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بووە.
بە پێی ئەو هەواڵە ئەو ژنە تووشبووە خزمی نزیکی ئەو کەسانەیە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر تووشبوونیان بە کۆرۆنا پشت ڕاست کرابوویەوە و بە هۆی پێوەندی لەگەڵ ئەوان تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە.
هەروەها راگەیەنداروە کە تا ئێستا هەژماری تووشبوان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ٣٨ کەس و لەو نێوانەدا یەک کەس گیانی لە دەست داوە و ٩ کەسیش چاک بوونەتەوە و ٢٨ کەسیش لە ژێر چاوەدێریی پزشکیدان.
هەروەها ماڵپەڕی خەندان لە هەواڵێکی دیکەدا ڕاپۆرتی دا کە وەزارەتی تەندرووستیی ئێراقیش رایگەیاندووە کە کەسێکی دیکە لە پارێزگای دیالەی ئەم وڵاتە لە ئەنجامی تاقیکاری دەرکەوتووە کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان یاسا و ڕێساکانی قەدەغەی هاتووچۆی لە شارەکانی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاو بوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس بۆ ماوەی ٥ ڕۆژی دیکە نوێ کردەوە.