وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆی تاوەکو 16ی نیسان درێژکردەوە
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 16ی نیسان درێژکراوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆی پیادەش قەدەخە دەبێت جگە لە حاڵەتی دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەو نەخۆشی،هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.هەروەها لە کاژێر 6 بۆ 12ی شەوی هەموو رۆژێک لەو ماوەیەدا بەتەواوی هاتووچۆ قەدەخە دەبێت، جگە لەو لایەنانەی کە پێشتر رێگەپێدراو بوون.هەرکەسێک لە هێزە ئەمنییەکانی راسپێردراو بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کەمتەرخەمی بکات، بەپێی ماددەکانی 47 و 48 لە یاسای سزادانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008، بە ماوەی پێنج رۆژ زیندان سزا دەدرێت.
قەدەخەی هاتووچۆ لە 14-3-2020ەوە بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێندراوە و لەوکاتەشەوە چەند جارێک درێژکراوەتەوە.