هاوپەیمانی فەتح : کورد مەرجی قورسی بۆ دانوستان لەگەڵ کازمی داناوە
هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، ئەو مەرجانەی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری راسپێردراو دایانناوە، کە خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و بەرزکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ١٧٪ دەبینێتەوە قابیلی جێبەجێکردن نین
لەو بارەیەوە حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەکە لەلێدوانێکدا وتی: دانوستان و گفتوگۆکانی مستەفا کازمی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەستیان پێکردووە و لەئێستاوە کار لەسەر ناوی پاڵێوراوەکان دەکات.
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح جەختیکردووەتەوە ، کە ئەو مەرجانە بەهۆی ئەوەی زیان بە وڵات دەگەیەنن ئەستەمە جێبەجێبکرێن، بۆیە پێدەچێت کازمی وابەئاسانی نەتوانێت حکومەتەکەی پێکبهێنێت.
رۆژی دووشەممە مەیادە نەجاڕ پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەنگدانی کوتلە کوردستانییەکان بەکابینەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری راسپێردراو پەیوەستە بە چەند مەرجێکەوە، کە دیارترینیان بریتییە لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و دۆسییەی پێشمەرگە و نەوت و پشکی کورد لەبودجە و بەرکەوتەی کورد لەوەزارەتەکان.