رووداوێکی سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی سەرۆکایەتی تورکیا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i380151-رووداوێکی_سلێمانی_لە_بەڵگەنامەکانی_سەرۆکایەتی_تورکیا
تیمێکی توێژینەوەیی هاوبەشی هەردوو زانکۆی ئیجە و تەراکیا لەتورکیا و پەیمانگای سیتی لە کالیفۆڕنیای ئەمەریکا یەکەم بەڵگەنامەی متمانەپێکراویان دۆزیوەتەوە، کە باسی لە مردنی کەسێک کردووە لەڕێگای بەرکەوتنی نەیزەکەوە
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 27, 2020 11:01 Asia/Tehran
  • رووداوێکی سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی سەرۆکایەتی تورکیا

تیمێکی توێژینەوەیی هاوبەشی هەردوو زانکۆی ئیجە و تەراکیا لەتورکیا و پەیمانگای سیتی لە کالیفۆڕنیای ئەمەریکا یەکەم بەڵگەنامەی متمانەپێکراویان دۆزیوەتەوە، کە باسی لە مردنی کەسێک کردووە لەڕێگای بەرکەوتنی نەیزەکەوە

بەپێی بەڵگەنامەکە، کە مێژووەکەی بۆ ٢٢ ی ئابی ١٨٨٨ دەگەڕێتەوە کەسێک، کە خەڵکی ناوچەی سلێمانی بووە لەعێراق بەهۆی بەرکەوتنی بەردی نەیزەکییەوە گیانی لەدەستداوە و کەسێکی تریش تووشی ئیفلیجی بووە، بەڵگەنامەکەش لە "بەڕێوەبەرایەتی ئەرشیفی دەوڵەت" ی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دۆزراوەتەوە .

لە پێشەکی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، ئەوە کۆنترین بەڵگەی ناسراوە لەسەر مردنی کەسێک لەڕێگای بەرکەوتنی نەیزەکەوە، هەروەک ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە رۆژانە ملیۆنان نەیزەک بەر بەرگە هەوای زەوی دەکەوێت، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان ئەوەندە گەورەن، کە لەبەرگە هەوای زەیدا بتەقنەوەو پاشماوەکەی ببارێتە سەر زەوی، بۆیە رەنگە کەسانێک هەبووبێتن بەهۆی بەرکەوتنی نەیزەکەوە گیانیان لەدەستدابێت، بەڵام ئەم رووداوانە لەڕێگای بەڵگەنامەی متمانەپێکراوە و دۆکۆمێنت نەکراون.هەروەک بەڵگەنامەکە ئاشکرایکردووە، کە هەرچەندە هیچ بەردە نەیزەکێک لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی رووداوەکەی ناوچەی سلێمانی پشتراست بکاتەوە، بەڵام بەڵگەنامەکانی ناو ئەرشیفەکە بەلای لێکۆڵەرەوەکانەوە برواپێکەرن، هەروەک چۆن لەلێکۆڵینەوەکەیاندا، کە لە پێگەی زانستی "ساینس ئەلێرت"دا ئاماژەیان پێکردووە.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کە لێکۆڵەرەکان سێ بەڵگەنامەیان دۆزیوەتەوە، کە وەسفی رووداوەکەی کردووەو لەمدواییە خراوەنەتەوە ناو ئەرشیفی ژمارەییەوە، لەبەر ئەوەش بە زمانی تورکی عوسمانی نووسراون، بۆیە وەرگێڕانیان قورس بووە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووە تائێستا رووداوەکە بەشاراوەیی ماوەتەوە.بەڵگەنامەکان لەو نامانە پێکهاتوون، کە دەسەڵاتدارە ناوچەییەکان لەکاتی خۆیدا لەبارەی ڕووداوەکەی رۆژی ٢٢ی ئابی ١٨٨٨ باسیان کردووە، بەشێوەیەک کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی ئێوارە بەکاتی ناوخۆیی، تۆپەڵە ئاگرینی گەورە لە ئاسمان بینراوە، دوای ئەوە چەندین نەیزەک وەک باران بۆماوەی ١٠ خولەک بەسەر گوندێکی بچووکی ناوچەکەدا باریون، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و ئیفلیجکردنی کەسێکی تر و زیان گەیاندن بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان لەناوچەکەدا.