سۆران عومەر : بانک و کۆمپانیاکانی مەسرور بارزانی زۆرجار لە حکوومەتی هەرێم دەوڵەمەندترن
سۆران عومەر ئەو ئەندام پەرلەمانەی کە پارێزبندیی لەسەر ھەڵگیرا دەڵێت: ئەوانەی سکاڵایان لەسەرم تۆمار کردووە نیگەرانن لەوەی سەروەت و سامان و موڵکیان کە بە ناشەرعی پێکیان هێناوە ئاشکرا بێت.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دیمانەیەکدا لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی دەنگوباسی مێهر، باسی لە هۆکارەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی و هەروەها دەرهاویشتەکانی ئەو بڕیارەی پارتی کرد .
سۆران عومەر وێڕای ئاماژە بەوەی کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم چەندین کۆمپانیای ھەیە و بانک و کۆمپانیاکانی مەسرور بارزانی زۆرجار لە حکوومەتی هەرێم دەوڵەمەندترن ، وتوویەتی ئامادەیە بچیتە بەر دەم دادگە و بەڵگەی سەلمێندراویان بۆ بخاتەڕوو .
سۆران عومەر لە بارەی ھەڵگیرانی پاێرزبەندیی لەسەری لە لایەن پەرلەمانی ھەرێمەوە گوتوویەتی : هەڵگرتنی پارێزبەندیەکە و ئەو سناریۆیەکی بۆ من داڕێژراوە لە سەر سکاڵایەکی سەرۆکی حکوومەتی نۆیەمی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیە کە باسم لەوە کردووە کۆمپانیا و بانکی هەیە. دیارە ئەوان نیگەرانن لەوەی سەروەت و سامان و موڵکیان کە بە ناشەرعی پێکیان هێناوە ئاشکرا بێت. و بە ڕێکارێکی نایاسایی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان کردووە لە کاتێکدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەڵگرتنی پارێزبەندی دەبێ بۆ تاوان بێت نەک بۆ ئەوەی کە ئەوان ئاماژەیان پێکردووە.
ئەندام پەرلەمانەکەی کۆمەڵ ھەروەھا دەڵێ : ئامانجیان تەنیا سەرکوت کردن و دەم داخستنی پەرلەمان بوو. لە بەر ئەوەی پارتی دیمۆکرات نایەوێت هیچ کەس هەبێ بەرانبەریان قسە بکات و ڕاستیەکان ئاشکرا بکات. دەیانەوێت بەمە وابکەن کە پەرلەمانتاران ئەرک و ڕۆڵی خۆیان لە چاودێری کردنی حکوومەت و پرسینەوە لە گەندەڵیان جێبەجێ نەکەن و بترسن بەوەی کە دادگەیی دەکرێن و پارێزبەندییان نامێنیت.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، چەندین بەڵگەی لە سەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاشکرا کرد، مەسروور بارزانی سکاڵای لەسەری تۆمار کرد و بە بڕیاری پارتی پارێزبەندی پەرلەمانتاریی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا.
بۆ ناڕەزایەتی بەم ھەنگاوە ، سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێم و فراکسیۆنەکانی دەرەوەی پارتی تا ئێستا ئامادە نەبوون لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بەشداری بکەن .