داوای یەکیەتی و یەکگرتوو لە حکومەتی ھەرێم
یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داوا لەحکومەتی هەرێم دەکەن بیری جددی لەچارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی و قوتی ھاووڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەت بکاتەوە.
بە گوێرەی ھەواڵێکی وێستگەنیوز ، ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەی دەباشان هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی پێشوازیان لەسەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و وەفدێکی باڵای ئەو حزبە کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لەدیدارێکدا جەخت کرایەوە لە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولایەنی دۆستدا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێم بگەیەنێت، وێڕایی پێویستی لێکگەیشتن بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان لایەنەکان، تا ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بەرقەراربێت.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ھەر لەدانیشتنەکەدا دیالۆگ و زمانی ھاوبەش بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەو لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندی ھاوبەش لە بڕیارو ئاڕاستە سیاسییەکان دووپاتکرایەوە و داوا لەدەسەڵاتی جێبەجێکردنیش کرا بیری جددی لەچارەسەرکردنی ریشەیی بژێوی و قوتی ھاووڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەت بکاتەوە و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەرگۆڕانکارییەکیش ھاووڵاتیانی ھەژارو کەمدەرامەت زەرمەند نەبن و ھەر چاکسازییەکیش بکرێت پێویستە وەڵامدەرەوەی داخوازی و پێویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵک بێت.