راگیرانی دەوامی ھەزاران کارمەندی تەندروستیی لە ھەرێم
ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەندی تەندروستی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین دەستیان بە بایکۆتی دەوامکردن لەسەرجەم فەرمانگە تەندروستییەکان کرد، تەنها ئەو بوارە نەبێت کە پەیوەندی بە نەخۆشی کۆرناوە هەیە.
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بە میدیای " سپی " راگەیاند " هەوڵی زۆرمان دا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم کە نەگەینە ئەم قۆناغەو مووچەمان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو، ئێمەش چیتر لەمە زیاتر ناتوانین بەردەوام بین و بڕیارمان دا بایکۆتکردنی دەواممان لەسەرجەم فەرمانگەکانی تەندروستی دا رابگەیەنین، جگە لەو نەخۆشخانەو کەرتانەی پەیوەندیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای تەندروستی ئاشکرای کرد کە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ١٩٢ کارمەندو پزیشکمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەو هەموو ئەرکە قورسەی لەسەریانە مووچەکەشیان پێ رەوا نابینن، بەڵام لەلای حکومەتی عێراق، کارمەندو پزیشک زەویان پێدەدەن و بەخشینیان دەدەنێ و ( قدەمیان ) بۆ دەکەن.
بە مانگرتنی ئەم ٢٠ هەزارە لە کارمەندانی تەندروستی و زیاتر لە ٨٠٠ پزیشکی نیشتەجێ و خوولاو ، دامەزراوەی تەندروستی پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان تووشی شەلەلی تەواو راوەستان بۆتەوە، تەنها بەشی کۆرۆنا ماوە کارەکانی نەوەستاون.