سۆران عومەر پارێزبەندیی پێدرایەوە
سەرۆکى پەرلەمانى ھەرێمی کوردستان بریارى پارێزبەندى سەر سۆران عومەرى هەڵوەشاندەوەو ئەوەش بە بڕیاری هاوسەرۆکایەتى یەکێتى بووە.
بەپێی ھەواڵێکی شارپرێس لە سەرچاوەیەکى پەرلەمانى کوردستانەوە ، رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بڕیارى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵى ئیسلامى هەڵوەشاندەوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ شارپرێس ئاشکرای کرد، کە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمان لەسەر داواى هاوسەرۆکایەتى یەکێتی بووە کە رایانگەیاندوە، نابێت لایەنێکى سیاسى زۆرینەى پەرلەمان لەدژى لایەنێکى تر بەکاربهێنێت و شکۆى پەرلەمان بشکێنرێت.
لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتى یەکێتى هەوڵەکەى پشتڕاستکردەوە کە ئەو بریارەى سەرۆکى پەرلەمان لەسەر داواى هاوسەرۆکایەتى یەکێتى بووە و ئەوان پێداگیریان کردوە کە نابێت پەرلەمان لەلایەن حزبێکەوە بۆ ململانێی سیاسى بەکاربهێنرێت.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵى زۆری داوە سەرۆکى پەرلەمان ئەو بڕیارە نەدات و یەکێتیش لەوە ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام هاوسەرۆکایەتى یەکێتى سوربوون لەسەر ئەوەى کە دەبێت بریارى پارێزبەندییەکەى سەر سۆران عومەر هەڵوەشێنێتەوە.
بەوتەى سەرچاوەکەى سەرکردایەتى یەکێتى، لەماوەى رابردوودا زۆرینەى لایەنەکان و کەسایەتى و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى فشارێکى زۆر لەسەر یەکێتى و هاوسەرۆکانى ئەو حزبە بووە کە بەوپێیەى سەرۆکى پەرلەمان لە یەکێتییە ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە لەژێر رۆژشنایی ئەو داواکارى و فشارانە هاوسەرکایەتى یەکێتى ئەو بریارەیانداوە.
سەبارەت بە نیگەرانى پارتى لەو بریارەى سەرۆکى پەرلەمانى و هاوسەرۆکایەتى یەکێتى، سەرچاوەکە وتیشى، پارتى لەچەند لاوە پەیامى بۆ هاوسەرۆکانى یەکێتى و سەرۆکى پەرلەمان ناردووە، بەڵام بەراستى شکۆى پەرلەمان و ناوبانگى ئەم هەرێمە گرنگ ترە لەو پەیامانە هاوسەرۆکایەتى یەکێتیش لەسۆنگەى پەرۆشیان بۆ ئەو پەرلەمان ئەو داوایەیان لەسەرۆکى پەرلەمان کردوە.
لە دانیشتنی رۆژی ٧/٥/٢٠٢٠ پەرلەمانى کوردستان بە دەنگى فراکسیۆنى پارتى و پەرلەمانتارە نزیکەکانى لەپەرلەمان و بێ ئامادەبوونى رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان و فراکسیۆنى یەکێتى و گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو نەوەى نوێ پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵى ئیسلامى سەندەوە، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لەناوەندى سیاسى و کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردستاندا دروست کرد.
لەدواى ئەو بریارە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دژی بڕیارەکە بوو بەشدارى کۆبوونەوەکەى نەکردو دواتریش لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، واژۆ لەسەر بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران ناکات.