بڕیاری لابردنی پارێزبەندییەکەی سۆران عومەر هەڵدەوەشێتەوە
دکتۆر«ڕێوازفایەق» سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵدەوەشێنێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، «پێشەوا هەورامانی» پەرلەمانتاری سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە: سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی لابردنی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر هەڵدەوەشێنێتەوە".
پێشتر سەرۆکی پەرلەمان ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو ئامادەنییە ئیمزا لەسەر کارنامەی دانیشتنێک بکات کە هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاری تێدا بێت، بۆیە کارنامەکە بە ئیمزای هێمن هەورامی و مونا قەهوەچی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دانرا و ئەو رۆژەش کە دانیشتنەکەی تێدا بەڕێوەچوو، رێواز فایەق سەرباری ئەوەی کە لە پەرلەمانیش بوو کەچی بەشداریی دانیشتنەکەی نەکرد.
بەپێی پەێرەوی ناوخۆ دەبێت کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بە رێککەوتنی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەسەند بکرێـت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ کارنامەی ئەو دانیشتنەدا نەبوو.
دوابەدوای ھەنگاوی سەرۆکی پەرلەمان ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لابردنی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری سەربە کۆمەڵی ئیسلامی، ناوبراو سوپاسنامەیەکی ئاراستەی دکتۆر«ڕێوازفایەق» سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووەو نووسیویەتی: سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە ٤ ی ھەڵگرتنی پارێزبەندی، سوپاس بۆ ھەموو ئەو بەڕێزانەی کەدژی بڕیارەکە بوون و پشتیوانی ھەڵوەشاندنەوەی بوون تاکو ئەم کارە بەبەکارھێنانی زۆرینەیەکی ناسایی نەبێتە پێشینەیەکی خراپ.
سۆران عومەر ھەر لە نامەکەی دا ئەوەشی ڕوو نکردووەتەوە کە، پاش ئەوەی بەنایاسایی کۆبوونەوەی ٧/٥/٢٠٢٠ ئەنجامدرا بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر بەندە، پاشان بڕیاری ژمارە ٤ی لێکەوتەوە، لە ١٩/٥/٢٠٢٠ تانەیەکم ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کردو داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییەم کرد، پشت بەستوو بەمادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ، لەپێناو گێڕانەوەی شکۆ بۆ پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان، تاکو ئەم بڕیارە نایاساییە نەبێتە پێشینەیەکی نایاسایی خراپ کەمەترسی بوو بۆ کاری پەرلەمانی و پێشێلی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و ئازادی بیروڕا .