شاندەکەی ھەرێم ئامادەی سەردانی دووبارە بۆ بەغدایە
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حەوتەی داهاتوو شاندی هەرێم بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی شارپرێس، ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتى مەسرور بارزانى و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى لەرێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە و تێیدا تاوتوێی دۆخی ئابووری ئێستای هەرێم و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراو بڕیاردرا حەوتەی داهاتوو شاندەکەی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا.
لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەداهاتووە: سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا بە ئاڕاستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشترە کە هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
لەماوەى رابردوودا چەند جارێک شاندی هەرێم سەردانى بەغدای کردوەو بڕیارە سەردانی ئەم جارە بۆ رێککەوتن بێت ولە کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردوویاندا، شاندەکەی هەرێم پێشنیازی بۆ لایەنی عێراقیی کرد بوو کە، ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکەن و باقی نەوتەکەش دەدەن بە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و داھاتی گومرکەکان ٥٠ بە ٥٠ بۆ ھەردوولا و بەشێک لە داھاتی ناوخۆش بە بەغدا دەدەن، لە بەرامبەریشدا، حکومەتی عێراق دەبێت مانگانە ٦٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.