پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکات
سەبارەت بە هێرشەکانی وڵاتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی راگێنراوەکەدا هاتووە :
شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازیی تورکیاوە ئیدانە دەکەین ،کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (پەکەکە)لە ناوچە سنورییەکان ، چەندین هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون.
هەروەها دەڵێ : داواکارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵکی مەدەنی هەرێمەکەمان بەکارنەهێنێت.
پشتیوانی ئەوەین هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وکەلتوریەکان.