له سلێمانی : کارمەندانی هاتوچۆ دەستیان دایە خۆپێشاندان
کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و ڕایانگەیاند، کە تاوەکو موچەکانیان دابەشنەکرێت بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.
بە پێی راپۆرتی تۆڕی میدیایی ئێستا ، یەکێک لە کارمەندانی هاتوچۆ لە ناو خۆپیشاندانەکان گوتی، ماوەی شەش ڕۆژە شەقامەکانمان چۆڵکردووە و بایکۆتمان ڕاگەیاندووە، تاوەکوو مووچەکانمان دابەشنەکرێت دەوام ناکەین هەموو مانگێکیش لە دوای سی ڕۆژ بایکۆتی دەوام دەکەین و دەبێت سی ڕۆژ جارێک مووچەکانمان دابەشبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو هەفتەی داهاتوو هیچ کارمەندێکی هاتوچۆ نە لەفەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان نە لەسەر شەقامەکان دەوام ناکەن، ڕاگەیاندنی هەفتەیەک پشوو بۆ فەرمانگەکان هیچ کارناکاتە سەر داواکارییەکانمان و دوای ئەوەش ئەگەر مووچە دابەشنەکرێت هەر بەردەوام دەبین.
کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایانگەیاند، سێ داواکارییان هەیە کە بریتین لەوەی، سی ڕۆژ جارێک مووچەکانیان دابەشبکرێت، هەروەها مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتەوە سەر حکوومەتی عێراق و دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش بە هەر ڕێژەیەک ڕەتدەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە دوکاندارەکانی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوایانکرد کرێی دوکانەکانیان بۆ کەمبکەنەوە.