ئه‌یلوول 01, 2020 02:39 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی پارتی پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا

سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر تۆمەتبار بوونی پەرلەمانتارێکی پارتی بە کوشتنی مەبەست، پارێزبەندیی لەسەر ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی هەڵگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە ، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە،«رێواز فایەق» سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان پارێزبەندیی  لەسەر «بەهمەن کاک عەبدوڵا» ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی هەڵگرت.

وەک باسی دەکرێت ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی ھەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر داوای ئامادەبوونی کراوە. ناوبراو  بەپێی ماددەی (٤٠٦)ی یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەرێکی کەلار سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و چەندجارێک لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر داوای ئامادەبونی کراوە بەمەبەستی وەرگرتنی وتەی لەو بارەیەوە.

تۆمەتبارکرانی «بەهمەن کاک عەبدوڵا» دەگەڕێتەوە بۆ رووداوی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٥ی کەلار کە تیایدا گەنجێک لە بەردەم ناوچەی کەلاری پارتی کە لەو کاتەدا بەرپرسایەتییەکەی بە ئەستۆی ناوبراو بوو ،کوژراو کەسوکاری کوژراوەکەش سکاڵایان لەسەر ئەم تۆمارکرد.

جێگای ئاماژەیە پێشتریش پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار «سۆران عومەر» ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی پەرلەمان هەڵگرت.

سەرپەیڤ