ئه‌یلوول 06, 2020 15:35 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەرێم دەکات

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلول، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات.

 

فارس عیسا، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغداد، تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، "محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغداد وتیشی، "مەبەستی سەردانەکەش تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد و وەرگرتنی بۆچوونی هەرێمی کوردستانە لەسەر پرۆژەکە".

پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 50 ماددە پێکهاتووە کە پێشتر فراکسیۆنە کوردییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ناکۆکییان لەگەڵ یاساکە هەیە و موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی یاساکەوە  ڕایگەیاند، "یاساکە بە دادپەروەرانە دانەنراوە، سیستمی سیاسیی عێراق بەرەو شێواندن دەبات، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو یاسایەدا نیین".

لەلایەکی دیکەوە جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق وتی، "هەر لە سەرەتای هەموارکردنەوەی یاساکە ئێمە ناڕازی بوین و لەگەڵ ئەو یاسا نوێیە نەبووین، یاسایەکی سەیر و دژبەیەک دەرکراوە تەنانەت مولحەقی یاساکە هێشتا دەرنەکراوە و یاساکە حزبە بچوکەکان ون دەکات".

سەرپەیڤ