ئه‌یلوول 06, 2020 19:55 Asia/Tehran
  • دیداری محەمەد حەڵبووسی و مەسعوود بارزانی لە ھەولێر

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌ختیانکرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی هاوهه‌ڵوێستی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌کان و له‌ ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌ست و قه‌یرانه‌کان.

بە پێی ھەواڵێکی میدیای خەندان ، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌هه‌ولێر له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی تاوتوێی کۆی بارودۆخ و دوا پێشهاته‌ سیاسیه‌کانی وڵاتی کردوه‌، هه‌روه‌ها له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت و ڕه‌خساندنی که‌شێکی گوجاو و ده‌سته‌به‌رکردنی ته‌واوی پێداویستیه‌کانی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد کراوه‌ که‌ گوزارشت له‌ئیراده‌ی هاوڵاتیان بکات. 

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، هه‌ر له‌دیاره‌که‌ تاوتوێی پرسی چه‌ند بازنه‌یی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کرا، له‌گه‌ڵ چه‌ند یاسایه‌کی پێویست بۆ قۆناغی داهات,و، له‌نێویاندا هه‌مواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، له‌و دیداره‌ی نێوان حه‌لبوسی و بارزانی جه‌ختکراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی هاوهه‌ڵوێستی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌کان و له‌ ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی، به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌ست و قه‌یرانه‌کان.

باس له‌وه‌شکراوه‌، هه‌ر له‌و دیداره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبونی وتوێژه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان حکومه‌تی فیدڕاڵی و حکومه‌تی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و کارکردن بۆ سه‌رخستنی به‌رژوه‌ندی باڵای نیشتمانی، و به‌دیهێنانی دادی کۆمه‌ڵایه‌تی کراوه‌ته‌وه‌.

سەرپەیڤ