لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دەکات
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا سەردانی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
بە پێی هەواڵێکی کوردپرێس ، زیاد جەبار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوای چەندین کۆبوونەوە وەکوو ئەرکی پیشەیی خۆمان کە بریتییە لە چاودێریکردن، بڕیارمان دا سەردانی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان هەبێت لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکان لە تەواوی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، پێشتر لیژنەی دارایی راپۆرتێکی وردی ئامادەکردبوو کە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە پەرلەمان و راپۆرتەکەیان پێشکەش کردوون، چەندین تێبینی و راسپاردە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر بکات.
زیاد جەبار باس لەوە دەکات، بۆ ئەو مەبەستە وەک لیژنەی دارایی بڕیاریان داوە سەردانی یەکە بە یەکەی خاڵە سنوورییەکان بکەن، پاشان راپۆرتێکی ورد لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان لە خاڵە سنوورییەکان ئامادەبکەن و ئەو سەرنج و تێبینیانەی کە لایان دروستدەبن دەدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "سەردانی لیژنەی دارایی لە چوارچێوەی ئەو داواکارییەدایە کە پێشتر لە لیژنەی دارایی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کردووە بۆ چاکسازی. پێشتریش پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020ی بۆ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە کە بریتییە لە چاکسازیکردن لە خەرجی لە هەرێمی کوردستاندا".