ئه‌یلوول 11, 2020 13:01 Asia/Tehran
  • دیداری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ ھەینی «مستەفا کازمی» سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە شاری هەولێر سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێم و کۆڕێکی سەرۆکایەتی هەرێم پێشوازیی لێکرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، مستەفا کازمی بە یاوەریی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی لەوانە «فوئاد حوسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی «نێچیرڤان بارزانی»ی کرد و لەلایەن سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی هەرێم پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراو هەردولا جەختیان لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە.

دوێنێ پێنجشەممە «مستەفا کازمی» سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە «مەسعود بارزانی»، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و «مەسرور بارزانی» سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و دواتر سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و کەمپی ئاوارەکان و ناوچەی ئەنفالکراوانی لە پارێزگاکە بەسەرکردەوە و سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، هاوسنور لەگەڵ تورکیاشی کرد.

سەرپەیڤ