ئه‌یلوول 11, 2020 19:05 Asia/Tehran
  • دکتۆر مەحمود عوسمان:بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە عێراقە و لە تورکیا نییە

دکتۆر «مەحمود عوسمان»، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لەو باوەڕەدایە کە، سەردانەکەی «مستەفا کازمی» بۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشەو بە نیازی دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ کێشەکان.

دکتۆر«مەحمود عوسمان» سیاسەتڤانی ناسراوی کورد لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە عێراقە و لە تورکیا نییە، هەرێم دەبێت لەگەڵ عێراق ڕێک بکەوێت و هاوکاری بکات.

ئەم سیاسەتڤانە کوردە هەروەها داواشی کرد که عێراق و هەرێم لەئەنجومەنی ئاسایشت دا لەسەر دەستدرێژییەکانی تورکیا  سکاڵا دەرببڕن.

دکتۆر«مەحمود عوسمان» وێڕای ئاماژە کردن بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمیش وتی: سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشە، کازمی شارەزایە لە کێشەی کورد، زۆرجار لە کوردستان بووە و دەیەوێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە بێگومان لایەنی هەرێمی کوردستانیش دەیانەوێت چارەسەرێک بدۆزنەوە، چونکە زۆر هەوڵیان داوە لەدەرەوە لەگەڵ دەوڵەتان هیچی سوودی نەبووە، هەر دەبێت هەردوولا لەعێراقدا هەوڵ بدەن چارەسەرێک بدۆزنەوە،  بە ھیوام کە ئەو سەردانە سوودی هەبێت و زیاتر لێک نزیک ببنەوە و بتوانن وردە وردە ڕێگە بکەنەوە بۆ گفتوگۆی جددی لەسەر هەموو کێشەکان.

ئەم سیاسەتڤانە کوردە وێڕای ئاماژە کردن بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ناوچەکانی سەر سنووری ھەرێم وتیشی: من پێم خۆشە کازمی چووە زاخۆش، لەوێ ئەو شوێنانە ببینێت کە تورکیا بۆمباران و وێرانی کردوون ، لە سلێمانیش دەتوانێت ئەو شوێنانە ببینێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەڵوێستی توندتربێت بەرامبەر تورکیا کە هەمیشە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان کە بێگومان عێراقیشە، ئومێدەوارم ئەم هاتنەی کازمی باش بێت بۆ بەرنگاربوونەوەی  بەتوندوتۆڵی هێرشەکانی تورکیا. ھەڵبەت دیارە سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێم پەیوەندی نییە بە ھێزشەکانی تورکیاوە، چونکو ئێرەش ھەر بەشێکە لە وڵاتی خۆی و هاتووە سەردانی بکات، بەڵام بەبڕوای من کاتی ئەوە هاتووە کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداد بەجددی بەرەنگاری تورکیا ببنەوەو لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شکاتی لێ بکەن، چونکە تورکیا هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە و پەلاماری هەموو لایەک دەدات و پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێت.

دکتۆر «مەحمود عوسمان» لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئەگەر بڕیار بەدەستی هەرێمی کوردستان بێت بۆ ڕێککەوتن تورکیا هەڵدەبژێریت یا عیراق، بە دڵنیاییەوە ڕایگەیاند: بێگومان عێراق هەڵدەبژێرم، چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق و بەشێک نیین لە تورکیا، ڕەنگە هەندێک پەیوەندی بە تایبەت دلە ڕووی بازرگانی نەوتەوە لەگەڵ تورکیا هەبێت ئەوە ئاساییە، بەڵام بەشێکین لە عێراق و ھەموو دنیاش پێمان دەڵێن  کێشەکانتان دەبێت لە بەغداد چارەسەر بکەن، ئەو پرسیارە وەڵامەکەی ڕوونەو ئێمە دەبێت لەگەڵ عێراق ڕێک بکەوین.

سەرپەیڤ