ئه‌یلوول 19, 2020 14:10 Asia/Tehran
  • هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچە ئازاد کراوەکانی مەخموور

فه‌رمانده‌یێکی پێشمه‌رگه‌ هۆشداری له ‌دووباره‌ زیادبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی داعش ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، تیرۆرستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی پێشتر رزگارکرا بوون.

 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، غازی فه‌یسه‌ڵ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ بناری شاخی قه‌ره‌چوغ، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندووە: له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ شاخی قه‌ره‌چوغ له‌کۆی 40  کیلۆمه‌تر10 کیلۆمه‌تریان له‌ چه‌کدارانی داعش پاک کردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چیتر پاراستنی شاخی قه‌ره‌چوغ له‌توانایاندا نیه.‌

ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ له‌رێگه‌ی ژماره‌یێک که‌می پێشمه‌رگه‌ و جووتیاره‌وه‌، ته‌نها توانای پارێزگاری کردنمان له‌ گونده‌کانمان هه‌یه‌ نه‌ک له ‌شاخه‌که‌،  بۆیه‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ڕابردوو دووباره‌ چه‌کدارانی  داعش  به‌هێزێکی  70-80 چه‌کداری که‌ ژماره‌یێک خۆکوژیشیان له‌گه‌ڵدابوو، له‌رێگه‌ی چه‌ند گرووپێکه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی پێشتر رزگارکرا بوون، به‌نیازن  له‌به‌رامبه‌ر کوژراوه‌کانی شه‌ش مانگی رابردوویان تۆڵه‌ بکه‌نه‌وه‌".

غازی فه‌یسه‌ڵ داوای له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کرد، چیتر تێپه‌ڕبوونی کات له ‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نیه‌ و په‌له‌ بکه‌ن له‌ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سوپای عێراق بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی نێوانیان، ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد، به‌پێی زانیاریه‌ هه‌واڵگریه‌کانیان، بۆ وه‌رزی زستان رێکخراوی داعش له ‌سنووری مه‌خموور کرده‌وه‌ی تیرۆرستی به‌هێزتر ئه‌نجام ده‌دات.

غازی فه‌یسه‌ڵ باسی له‌وه‌ش کرد، بۆ پاراستنی خۆیان هه‌موو ئاماده‌کاریه‌کیان کردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و هێزه‌کانی عێراقیان له‌ جموجۆڵه‌ نوێیه‌کانی چه‌کدارانی داعش ئاگادار کردوه‌ته‌وه‌.

سەرپەیڤ