تشرینی یه‌که‌م 06, 2020 14:53 Asia/Tehran
  • ئێزیدییەکان جێگرەوەیەک بۆ «بابە شێخ» ڕابەرە ڕۆحییە کۆچکردووەکەیان دیاری دەکەن

دوابە‌دوای کۆچی دوایی «بابه‌ شێخ» ڕابه‌ری رۆحیی ئێزیدیه‌کان، بڕیاره‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ٤٠ رۆژ به‌سه‌ر کۆچەکەی بەڕێزی، ڕابه‌رێکی نوێ هه‌ڵبژێردرێت و به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری ئێزیدیه‌کانیش له ‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان ھێندێک زانیاریی له‌وباره‌یه‌وه‌ خستووەتە ڕوو.

«خه‌یری بوزانی» به‌ڕێوه‌به‌ری کاروباری ئێزیدییەکان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی هه‌رێمی کوردستان به‌ رایگه‌یاندووە، دوای تێپه‌ڕبونی ٤٠ رۆژ به‌سه‌ر کۆچی دوایی «بابه‌ شێخ» ڕابه‌ری رۆحیی ئێزیدیه‌کان، رابه‌رێکی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە، چه‌ند که‌سێک له‌نێو میر و ئه‌نجومه‌نی رۆحانیی ئێریدییەکان خۆیان بۆ رابه‌رایەتیی رۆحیی دەپاڵێون، به‌ڵام ده‌بێت پاڵێوراون له‌ بنه‌ماڵه‌ی «شێخ فه‌خری ئادیانی» بن ھەتا دەستنیشان بکرێن

سه‌باره‌ت به‌ میکانیزمی هه‌ڵبژاردنی رابه‌ریی نوێی رۆحیی ئێزیدیه‌کانیش، «خه‌یری بوزانی» وتوویەتی: له‌سه‌ر بنه‌مای باشترین پاڵێوراو، ئه‌نجومه‌نی باڵای رۆحانی و میری ئێزیدیه‌کان بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردنی پاڵێوراوێک ده‌ده‌ن. ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕۆحانیی ئێزیدیه‌کان، له‌ پێنج ئه‌ندام پێکدێت کە له‌ نزیک ناوچه‌ی شێخان دامه‌زراون.

جێگای ئاماژەیە «شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل» ناسراو بە «بابە شێخ» باوکی ڕۆحیی و مەرجەعی باڵای ئایینیی ئێزیدییەکانی عێراق و جیھان ، رۆژی ھەینیی ڕابردوو لە تەمەنی ٨٧ ساڵی دا لە نەخۆشخانەیەکی ھەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد . 

سەرپەیڤ