پێوەندیی تەلەفۆنیی مستەفا کازمی و مەسعود بارزانی لە بارەی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر شنگاڵ
لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال گفتوگۆیان کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسعوود بارزانی و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال تاوتوێ کرا.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو ڕێککەوتنە گرنگە دەربڕی و جەختیشیان لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی لەمشێوەیە ئاماژەیە بۆ بەهێزبوونی متمانەی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لەکۆبونەوەیەکی نێوان وەفدی هەرێم و حکومەتی عیراق لەبەغدا، بەچاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق، رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی ئیداری و ئەمنی قەزای شەنگاڵ کرا.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاندوە:" لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیرانی عیراق، حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قەزای شەنگال رێکەوتنێکی مێژوویان ئەنجامداوە".
رونیشکراوەتەوە:" لەو رێکەوتنەدا دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی لەقەزاکە بەهێزکراوەو بەو شێوەیەش کۆتایی بە بەچالاکی گروپە چەکدارەکان دێت لەناوچەکە".
جەختیشکراوەتەوە:" ئەو رێکەوتنە دەبێتە هۆی ئاوەدانکردنەوەو بونیاتنانەوەی قەزاکەو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان".