تشرینی دووه‌م 16, 2020 13:20 Asia/Tehran
  • نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا: عێراق 320 ملیار دیناره‌که‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا رایگەیاند، دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، بڕیارە بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.

 

بەپێی هەواڵێکی میدیای وێستگە نیوز ،  فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا رایگه‌یاند: لە عیراق دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە، دوای دابەشکردنی مووچە بڕیارە بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.

 لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، فارس عیسا وتی: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ ته‌مه‌ننا ده‌که‌ن به‌ زوویی به‌غدا 320 ملیار دیناره‌که‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بکات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ دابه‌شکردنی مووچه‌ بکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسه‌ندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراق بەپێویستیی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا، وەک ئەوان دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.

دوێنێ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستیان بەرامبەر عیراق و تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بودجەی عیراق بەبێ جێکردنەوەی خواستەکانی کورد.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وتی: "لە حکومەتی عیراق و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان نیگەرانین، ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عیراق دەریانکرد، بەتەواوی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە". 

هەمان رۆژ وتەبێژی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ناکرێت جیاوازی بکرێت لەنێوان فەرمانبەرێک لە بەسرە و فەرمانبەرێک لە هەولێر.

سەرپەیڤ