قاسم شەشۆ فەرماندەی باڵای سەربازیی پارتی لە شنگال دەستی لەکارکێشایەوە
قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای شنگال و بەرپرسی باڵای سەربازیی پارتی لەو ناوچەیە رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی شنگال پێشکەشکردوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دانانی بابە شێخی ئێزدییەکاندا پرسی پێنەکراوە.
بە پێی راپۆری میدیای وێستگە نیوز ، قاسم شەشۆ، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال و بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، پارتی لە دانانی بابەشێخی نوێی ئێزدییەکاندا ئەو و چەندین پیاوماقوڵی دیکەی ئێزدییەکانی پشتگوێخستووە، بۆیە بڕیاریداوە دەستلەکار بکێشێتەوە.
دوێنێش بەشێک لە شێخ و کەسایەتیە کۆمەڵایەتییەکانی شنگال بۆ رەتکردنەوەی دانانی شێخ عەلی شێخ ئیلیاس وەک بابە شێخی نوێ کۆبونەوە و داوایان لە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکان کرد لەزوترین کاتدا لەدانانی ناوبراو پاشگەزبێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، "ئێمە وەک بەشداربوانی کۆبونەوەکەی شنگال بەهیچ شێوەیەک ئەو هەنگاوە قبوڵ ناکەین و رێگەش نادەین رۆژی چوارشەممە بابە شێخی نوێ لە پەرستگای لالش دەستبەکاربێت، تا رەزامەندی هەمو شێخ و کەسایەتیە کۆمەڵایەتییەکانی ئێزدی لەسەر دانانی بابە شێخ وەرنەگیرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکان بەشداربوانی کۆبوونەوەکەی شنگال لەئەگەری رەتکردنەوەی داواکارییەکانیاندا، خۆیان ئەنجومەنێکی نوێی روحانی، میر و بابە شێخ دیاریدەکەن.
رۆژی 14ـی ئەم مانگە لە دهۆک عەلی ئیلیاس ناسر وەک بابە شێخی نوێی ئێزدیەکان دیاریکرا، ناوبراو لە ساڵی 1979 لە شێخان لەدایکبوە و باوکیشی بۆ ماوەی 18 ساڵ لە 1978 تاوەکو 1995 بابە شێخی ئێزدییان بوە.
1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بابە شێخ خرتۆ حەجی ئیسماعیل، رابەری روحانی کۆمەڵگای ئێزدی کۆچی دوایی کرد.
لە ئاینی ئێزدیدا پێگەی بابە شێخ لەدوای پێگەی "میر" دوەم پۆستی باڵا و گرنگە و لە مەراسیم و کاروباری ئایینیدا ئەنجومەنێکی تایبەت و فەرمی هەیە کە لەگەڵ بابە شێخ کار دەکەن و هاوکاری دەکەن.