تشرینی دووه‌م 22, 2020 08:53 Asia/Tehran
  • یەکیەتی ئەندامەتی مەلا بەختیاری ھەڵپەسارد و ئاگادارکردنەوەی بۆ رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی دەرکرد

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دوێنێ شەممە لە قەڵاچوالان کۆبووەوە و بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) بڕیاری ھەڵپەساردنی مەلا بەختیاریدا لەئەندامیەتی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەکە و هەروەها بڕیاری ئاگادارکردنەوەی بۆ قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق دەرکرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە چوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە میدیای وێستگەنیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی  ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) کە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بڕیاریدا سێ مانگ مەلا بەختیار لەئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی دا نەمێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیار و رێنماییەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاگادارکردنەوەی داوەتە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە هەردووکیان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەشیانن.

14ـی ئەم مانگە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، داوا دەکەن کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا دوابخرێت بۆ کاتێکی تر تا یەکدەنگی لەنێوان لایەنەکان دروست دەبێت.

سەرەڕای داواکارییەکەی یەکێتی بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە، بەڵام 15ـی تشرینی دووەم  سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداریان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد.

19ـی ئەیلولی ئەمساڵ مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی کتێبێکی مێژوویی بەناوی (لە بری بیرەوەری) بڵاوکردەوە کە باسی ئەو رووداوانە دەکات کە لەساڵانی رابردووی لەشۆڕشدا روویانداوە، کتێبەکە کاردانەوەیەکی فراوانی لەناو لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکەی لێکەوتەوە، ئەو لایەنانە داوایان لە سەرکردایەتی یەکێتی کرد لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە کە بەوتەی ئەوان "مێژووی یەکێتی تێدا شێوێندراوە" هەڵوێست وەربگرێت.

سەرپەیڤ