کانونی یه‌که‌م 08, 2020 20:08 Asia/Tehran
  • ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستان:هه‌مو باره‌گاکان ناکاته‌ دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتیان

سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکی شەش خاڵی دا وێڕای ڕەخنەگرتن لە تەقەکردنی ھێزەکانی ئاسایشت بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران ڕایگەیاندووە:هه‌رگیز ره‌وا نیه‌ به‌ناوی پاراستنی باره‌گا حزبیه‌کانه‌وه‌ پاسه‌وانه‌کان ته‌قه‌ بکه‌ن له‌ خۆپیشانده‌ران و هه‌مو باره‌گاکان ناکاته‌ دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتیان.

سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکی شەش خاڵی دا سەبارەت بە ڕەوشتی ئێستای ھەرێمی کوردستان جەختی کردووە:به‌داخ و په‌ژاره‌وه‌ دۆخی هه‌رێمه‌که‌مان رۆژ به‌ رۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێت و ئه‌م شه‌پۆڵی نارازی بون و توڕه‌یی یه‌ی ئه‌مرۆژانه‌ ئاماژه‌ی سه‌ختیی برینه‌که‌ و دژواریی دۆخه‌ ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌یه‌ و کاردانه‌وه‌ی بێ منه‌تی و شکستی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئیداره‌ی قه‌یرانه‌کاندا.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە  ئه‌گه‌ری خراپتربوونی دۆخەکەش به‌دور نازانین ، ڕاشیگەیاندووە:  ئه‌م شه‌پۆڵه‌ توڕه‌ییه‌ ده‌رئه‌نجامی ناعه‌داله‌تیی حوکمڕانی و بێ موچه‌یی فه‌رمانبه‌ران و بێ کاریی گه‌نجان و بێ منه‌تی و خەمساردیی ده‌سه‌ڵاته. ده‌بێ هێزه‌کانی حوکمڕان دان به‌م فه‌شه‌له‌ که‌ڵه‌که‌بوه‌ی پلان و به‌رنامه‌دا بنێن.

ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستان وێڕای بانگێشتنی  هێزو نوخبه‌ سیاسی و رۆشنبیرەکان بۆ دەربڕینی ھەڵوێستی پێویست لەم دۆخە ناسکەدا پێشی داگرتووە کە، وا ھەڵدەگرێ هه‌موو لایه‌ک به‌ گیانێکی نیشتمان په‌روه‌ری و بەرپرسایەتییەوە‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن. ئه‌وه‌ ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات و نوخبه‌ی سیاسیه‌ نه‌هێڵن دۆخه‌که‌ له‌ بازنه‌ی سه‌بر و ته‌حه‌مول ده‌رچێ و کاولکاری ببێ به‌ ئامانجی خه‌بات. 

سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین بە ئاماژە بەمەی کە لە ئێستادا خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی و گشت رێکارێکی دیموکراسی و ئاشتیانه‌ نه‌ک ھەر مافه‌ به‌ڵکو له‌م دۆخه‌ دژواره‌دا ئه‌رکیشه‌، ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ھەڵبەت په‌لاماردان و سوتاندنی داموده‌زگا حکومی و حزبیه‌کان ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانی خۆپیشاندان له‌بارده‌با و ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر دەکات و سه‌ره‌داوی چاره‌سه‌ر له‌ دڵسۆزانیش ون ده‌بێ و ده‌رگای ده‌ستێوه‌ردانی ناحه‌زان کراوه‌تر ده‌کات. 

ئەم سیاسەتوانەی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە  خراپ مامه‌ڵه‌کردنی هه‌ندێ له‌ خۆپیشانده‌ران له‌ داواکردنی مافه‌کانیان نابێ ببێته‌ پاساو بۆ ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا ئه‌منیه‌کان لەمەڕ روبه‌روبونه‌وه‌ی سه‌ربازیی توند و رشتنی خوێنی خۆپیشانده‌ری برسی و باخه‌ڵ خاڵی، وتووشیەتی: بە دڵنیاییەوە ئه‌رکی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش‌ پاسه‌وانی کردن لە خۆپیشانده‌رانە و دەبێ رێنمایی یاساییان پیشان بده‌ن و رێگه‌ش بگرن له‌و چه‌ند که‌سانه‌ی که‌ به‌ ئەنقەست و یان لە ڕووی نەزانییەوە  ره‌وتی پرۆسه‌که‌ به‌لارێدا ده‌به‌ن. 

ئەم بەرپرسە ئیسلامییەی ھەرێم وێڕای ھێنانە ئارای ئەم بابەتەی کە، هه‌رگیز ره‌وا نیه‌ به‌ناوی پاراستنی باره‌گا حزبیه‌کانه‌وه‌ پاسه‌وانه‌کان ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران بکەن، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، هه‌موو باره‌گاکان ناکاته‌ دڵۆپێک خوێنی هاوڵاتیان و داواش لە حکومەتی ھەرێم دەکەین کە له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌دا ئه‌م ئاڵۆزیه‌ نه‌کاته‌ پاساوی بێ باکی و په‌له‌ بکات له‌ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی موچه‌ و بژێوی و ئازادی راده‌ربرین و رۆژنامه‌گه‌ری و سه‌قامگیریی کۆمه‌ڵایه‌تی. 

سەرپەیڤ