سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئێران و هەرێمی کوردستان بەستێنی زۆریان بۆ پەرەپێدانی پێوەندی ئابووری هەیە
سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی بە بەشداری لە دیمانە لە گەڵ تەلەڤیزیۆنی سپێدە لەسەر پێوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەهدی شوشتەری لەم چاوپێکەوتنەدا، پەیوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراقی بە مێژوویی و ڕیشەدار لە ڕەهەندە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیری و...هتد ناوبرد و پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولای بە ڕوولەگەشە پێناسە کرد کە تێیدا هەرێمی کوردستان بەهۆی هاوبەشیە مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکان پشکێکی بەرچاوی لە بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بەردەکەوێت. کاڵا و بەرهەمە ئێرانیەکان پێگەیەکی تایبەتیان لای خەڵک و بەکارهێنەرانی هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرکونسوڵی کۆماری ئێسلامی ئێران وتی: بڕوام وایە تواناگەلێکی ئەرێنی زۆر بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابووریەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە. لەم نێوەدا خواستی حکومەت و کەرتی تایبەت بۆ پەرەپێدانی هەرچی زیاتری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.
شوشتەری دەربارەی بەشداری کۆمپانیا ئێرانیەکان لە پێشانگاکانی سلێمانی دا، وتی: لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ پێشانگای تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لە سلێمانی ئەنجامدا. ئەم پێشانگایە بە بەشداری زیاتر لە ١١٥ کۆمپانیای ئێرانی لە ١٥ گروپی کاڵا ئەنجادرا کە لەم نێوەدا ٧٠ کۆمپانیای نمونەیی هەناردەکردن، بەرهەمەکانی خۆیان خستەڕوو.
ناوبراو وتیشی: ئەم پێشانگایە لە ڕووی کواڵێتیەوە لە ئاستێکی باشدا بوو و بازرگان و خەڵکێکی ئاسایی زۆر بەشداریان تێدا کرد. بەڕێوەچوونی پێشانگاکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وەستاوە و هیوادارم لەگەڵ باشتربوونی بارودۆخی کۆرۆنادا، سەرلەنوێ بەڕێوەچوونی پێشانگاکان دەست پێ بکەینەوە. لە چواردەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دا کە بڕیارە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ دا ئەنجام بدرێت، بە دڵنیایی شایەتی ئامادەبوونی کۆمپانیا بەهێزەکانی ئێران دەبین.
سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربارەی پەیوەندیە زانکۆییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاماژەی کردە هاوکاریی نێوان زانکۆکانی هەردوولا لەم ساڵانەی دوایی دا و خوێندنی ساڵانە سەدان خوێندکاری هەرێم لە زانکۆکانی ئێران و ئامادەیی بەشێک لە زانکۆکانی ئێران بۆ کردنەوەی لق لە هەرێمی کوردستان .