باران و دابەزینی پلەکانی گەرما ڕوو لە هەرێم دەکات
شەپۆلێکی باران ڕوو لە شارەکانی هەرێم دەکات و لێپرسراوی بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێمیش دەڵێت، پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، لە ئەنجامى کشانەوەى بەرزە پاڵەپەستۆى تورکیا لە ئەمڕۆوە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى درێژبوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆکان، ڕۆژى سێشەممە لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر شەپۆلێکى باران بارین.
وتیشی، “لەگەڵ هاتنى ئەم شەپۆلە پێشبینى بەفر بارین هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە سەرووى 2000م زیاترە لە ئاستى ڕووى دەریاوە”.
بژار ئەکرەم، لێپرسراوی بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، ئاستى باران بارین مامناوەند دەبێت، بەڵام لە سەنتەرى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک بە تایبەت سنوورى ئەم دوو پارێزگایە باران بارین ئاست و ڕێژەى زیاتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانى دیکە.
هەروەک بەپێی پێشبینییەکان ڕۆژى چوارشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە بەردەوام چالاکتر دەبێت و لەکاتى باران هەندێ جار هەورە تریشقەش دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى (4-6) پلەى سیلیزى، ئێوارەی هەمان ڕۆژیش کاریگەرى شەپۆلەکە لاواز دەبێت و کۆتایى دێت.
لێپرسراوی بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرى هاتنى شەپۆلێکى دیکە لە ڕۆژانی هەینى و شەممەى داهاتوو هەیە.