کانونی یه‌که‌م 16, 2020 20:31 Asia/Tehran
  • وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان «یەپەگە» تۆمەتبار دەکات و «یەپەگە»ش ڕەتی دەکاتەوە

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان «یەپەگە» بە سنووربەزاندن و ھێزش کردنەسەر ھێزی پێشمەرگە تۆمەتبار دەکات و «یەپەگە»ش ڕەتی کردووەتەوە هیچ هێرشێکیان کردبێتە سەر ھێزی پێشمەرگە.

ڕۆژی چوارشەممە «سەربەست لەزگین» بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگه‌یاند: شەوی رابردوو ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل «یەپەگە» لەسنوری «سحێلا» ویستیان سنووری سوریا ببەزێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رێگرییان لێکراو بەوهۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.

ناوبراوباسی لەوەش کرد، نازانن ئامانج لەو هەوڵەی شەوی رابردووی یەکینەکانی پاراستنی گەل  چی بووە، بەڵام هەردوولا لە چەندین بواردا هەماهەنگی و هاوکارییان هەبووە و ئەو هێزە ئەگەر خواستی هاتنیان هەبوایە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، پێویست بوو بەشێوازی فەرمی داوا بکەن.

بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لەهێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەین رۆڵیان هەبێت لە سنوردارکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل  و رێگەنەدەن بەپاساوی جۆراوجۆر سنورەکانی خۆیان تێپەڕینن.

ئەم بەرپرسەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: داوا دەکەین یەپەگە بەهیچ شێوەیەک نەکەوێتە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی «پەکەکە».

ئەمەش لە کاتێکدایە کە  یەکینەکانی پاراستنی گەل «یەپەگە» ئەو بۆچوونەیان ڕەت کردووەتەوەو ڕایانگەیاندووە:  تۆمەتەکانی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەدرۆدەخەینەوە و ئەو قسانە دورن لە ڕاستییەوەو قەت لە لایەن ئێمەوە ھێرش نەکراوەتە سەر پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ