کانونی یه‌که‌م 16, 2020 20:56 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی گرژییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگەو چەکدارانی «یەپەگە»

مەسرور بارزانی بۆ چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل«یەپەگە»: من بە تووندترین شێوە، ئەو هێرشەتان شەرمەزار دەکەم کە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و یاسایی خاکی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، «مەسرور بارزانی» سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: شەوی ڕابردوو گرووپێک چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل«یەپەگە» هەوڵیان دا بە شێوەیەکی نایاسایی لە سوریاوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، دیارە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکانی ئێمە و یاساکانی پاراستنی سنوورە، بۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانمان ڕێگرییان لێکرا.

سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی دا داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کرد کە دڵنیایی بدەن کە «یەپەگە» ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دووبارە نەکاتەوە و ڕێگەش نەدەن یارمەتیی وڵاتانی بیانی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەکاربھێنن.

«مەسرور بارزانی» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،بە تووندترین شێوە، ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەم کە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و یاسایی خاکی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.بێگومان  دووبارە بوونەوەی ھەر ھێرشێکی لەم شێوەیە، زیانی زۆر بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنێت.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگه‌یاند: شەوی رابردوو ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل «یەپەگە» لەسنوری «سحێلا» ویستیان سنووری سوریا ببەزێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رێگرییان لێکراو بەوهۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی «یەپەگە»ش ئەو ھەواڵەیان ڕەت کردووەتەوەو ڕایانگەیاندووە:  ئەو قسانە دورن لە ڕاستییەوەو قەت لە لایەن ئێمەوە ھێرش نەکراوەتە سەر پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ