کۆمەڵێک ژن و منداڵی داعش لە هەولێرەوە ڕەوانەی ئەوروپا کراونەوە
حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی فینلەند و ئەڵمانیا کۆمەڵێک ژن و منداڵی داعش بە فڕۆکەی تایبەت ڕەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندووە، “چەند ژن ومنداڵێکى داعش بە ڕەگەز ئەڵمانى و فینلەندى کە لە کەمپەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بوون لە ڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەولەتى هەولێر بە فڕۆکەیەکى تایبەت گەڕێندرانەوە ووڵاتى خۆیان”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم، بنەماڵەکان پێکهاتبوون لە سێ ئافرەت و دوازدە منداڵى بە ڕەگەز ئەڵمانى و هەروەها دوو ئافرەت و شەش منداڵى بە ڕەگەز فینلەندى، پڕۆسەى گەڕانەوەکە بە هەماهەنگى و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم لە ڕووى دابینکردنى ئاسایش و هاوکارى لۆجستى و تەکنیکى و پێشکەشکردنى هەموو جۆرە کارئاسانیەک پێشکەش کرا بە مەبەستى سەرخستنى پڕۆسەى گەڕانەوەکە”.
ئەمە یەکەم جار نیە کە پڕۆسەی گەڕانەوەى ژن و منداڵانى داعش کە لە کەمپى ئەلهۆلى ڕۆژئاوا دەژین، ئەنجام بدرێت، بەڵکو پڕۆسەى لەم شێوەیە چەند جارى دیکەش ئەنجامدراوە تایبەت بە گەڕانەوەى چەندین ژن و منداڵى دیکەى داعش کە خەڵکى وڵاتانى ڕۆژئاوا بوون و لە ڕێگەى خاکى هەرێمى کوردستان گەڕێندراونەتەوە.