کانونی یه‌که‌م 22, 2020 21:16 Asia/Tehran
  • داوا دەکرێت کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان بە شەھید پێناسە بکرێن

چواردە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایانگەیاندووە: لەسەر خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگە داوا دەکەن بەزوترین کات ئەنجومەنی پارێزگا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات و لەکۆبونەوەکەدا بڕیاربدرێت ئەو کەسانەی لەخۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە بەشەهید پێناسە بکرێن و حکومەت تێچوی چارەسەریی بریندارەکان لەئەستۆبگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەیاداشتێکدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە، داوا دەکەن  بەزوترین کات ئەنجومەنی پارێزگا کۆبوونەوەیەک سازبکات و لەکۆبونەوەکەدا بڕیاربدرێت ئەو کەسانەی لەخۆپیشاندانەکان کوژراون، ماف و سەرەتیی شەهیدیان بۆ هەژماربکرێت و کەس وکاریان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لێپرسینەوە لەبەرپرسانی ئەو کارگێڕییانە بکات کەلەماوەی خۆپیشاندانەکاندا هاوڵاتیان لەناوچەکانیاندا بوونەتە قوربانی و ئەوانەش کە هانی توندوتیژییان داوە بدرێنە دادگا.

جێگای ئاماژەیە ماوەیەک لەمەوپێش کۆمەڵێک لە شارومەندانی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر خراپیی دۆخی ژیانیان و دواکەوتنی موچەکانیان لە سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دواتریش خۆپیشاندانەکان بەرەو چەندین ناوچەی دیکەی هەرێم پەرەی سەندو لەچەند شوێنێکیش گرژیی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو کە لە ئەنجام دا لانیکەم یانزە کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٦٠ کەسیش برینداربوون.

سەرپەیڤ