پەرلەمانتارێکی عێراق: وا باشە ڕێککەوتنی تەواو لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت و کۆتایی بە ھەموو کێشەکان بهێندرێت
پەرلەمانتارێکی پارتی فەزیلەت سەربە فراکسیۆنی «نەهج وەتەنی»، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئێمە بە پێویستی دەزانین بەپێی دەستوو ڕێککەوتنی گشتگیر بکرێت کە کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی ھەرێمی کوردستان «حسەین عیقابی»، ئەندامی پارتی فەزیلەت لە فراکسیۆنی «نەهج وەتەنی» جەختی لەوە کردووەتەوە کە، بە پێویستی دەزانین بەپێی دەستوو ڕێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت کە کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت، ڕێککەوتنێکی تۆکمەوتەواو و هەمەلایەنە کە بە یەکجاریی کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بهێنێت.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، پێویستە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ماف و ئەرکەکان لەخۆبگرێت و دیارییان بکات و ئەو داهاتانەی هەرێم کە بەپێی دەستوور لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان، بگەڕێندرێنەوە بۆ بەغداد، بۆ ئەوەی دواتر داهاتەکان بە دادپەروەری دابەش بکرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی «نەهج وەتەنی»ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ساڵانێکە خوازیاری ڕێککەوتنین و هەوڵ دەدەین کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ماوەی سێ ساڵە حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی نایاسایی، حکومەتی هەرێم لە ڕووی پارەوە دابین دەکات بەبێ ئەوەی هەرێم پابەندییەکانی خۆی بەجێبهێنێت و داهاتی نەوت و دەروازە سنوورەکان ڕادەست بکات.
بە قسەی ناوبراو ،هەرێمی کوردستان گرێبەستی نایاسایی کردووە لە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و نرخی فرۆشتنیشیدا، بۆیە زۆر خوازیارین چارەسەریی ڕیشەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە، چونکە گەلی کوردستان بەشێکن لە گەلانی عێراق و پێویستە مافیان پارێزراوبێت.