کانونی یه‌که‌م 28, 2020 17:20 Asia/Tehran
  • قوباد تاڵەبانی : ئامادەین نەوتەکە رادەستی بەغدا بکەین

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئامادەین ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوترادەستی بەغدا بکەین .

 بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ھەرێم ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لە موازەنەی ۲۰۲۱دا رەنگیداوەتەوە، ئەو موازەنەیە بەرەو پەرلەمان دەچێت و گفتوگۆیەکی جددی لە پەرلەمان لەسەر ئەنجامدەدرێت بزانین دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکان دەمان گەیەنێت بە کوێ، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە رێککەوتنێکە لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ کە بەشێکی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە".

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە هەم رازیین پێی هەم پابەند دەبین پێوەی".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر بودجە وەک خۆی پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان ئامادەیە ۲۵۰ هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەستبکات، قوباد تاڵەبانی وتی: "ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بوو لە رابردو لە مانگی ۱۱ی ساڵی ۲۰۱۹ لە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، ئێستاش لە پڕۆسەی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی موازەنەی ۲۰۲۱ وتومانە ئێمە ئامادەین ۲۵۰ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشین وەکوو چۆن لە پڕۆژە یاسای موازنەکەدا هاتوە".

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و شاندی دانوستانکار، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی دارایی و سامانەسروشتییەکان و یاسایی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، بەڵام هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکرد، هاوکات هەریەکە لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ مەم بورهان قانع و دیاری ئەنوەر کە بانگهێشت کراون بەشداریان نەکردووە.

سەرپەیڤ