رۆڵی کارای سەردار سولەیمانی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش لە روانگەی کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان
کەسایەتیە سەربازی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دیمانە لە گەڵ ھەواڵدەریی مێھری ئێرانی لەسەر رۆڵی کارای سەردار سولەیمانی لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش جەختیان کردەوە .
جەبار یاوەر
فەریق جەبار یاوەر سەبارەت بە پەیوەندی حاجی قاسم سولەیمانی لە گەڵ هەرێم وتی: حاجی قاسم سولەیمانی زۆربەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە بەرەی شەڕ دژی داعش و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورد و عێراقی بووە.
وتیشی: هێڵی بەرگری لە هێرشی داعش لە سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران، لە ناوچەکانی خانەقینەوە دەسیپێکرد تا ناوچەکانی قەرەتەپە و جەلەولا و تووز خورماتوو ، کەرکووک هەتاکوو موسڵ.
کاتێک لە ساڵی 2014 ، یەکەمجار موسڵ و دوای ئەوە پارێزگای سەلاحەدین و هەندێ ناوچەی سەر بە دیالە، ڕۆمادی، تاکوو گەیشتە نزیک دەروازەکانی بەغدا کەوتە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش، هیچ هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دروست نەکرابوو و یەکەم وڵات کە بە هانای هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە هات بۆ بەرگری لە پێشڕەوییەکانی داعش و ڕێگری لە داگیرکردنی هەموو عێراق، بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
حاجی قاسم سولەیمانی لە ڕوانگەی پێشمەرگەوە
فەریق جەبار یاوەر گوتیشی : من حاجی قاسمم نەبینیوە بەڵام بیستوومە لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو فەرماندانەی لە گەڵ حاجی قاسم سولەیمانی لە شەڕگەکان و لە سەنگەرەکانی بەرەنگاریی داعش پەیوەندییان هەبووە؛ دەڵێن کە سەردار سولەیمانی کەسایەتییەکی بەهێزی هەبووە و هێمن و بێدەنگ بووە، بەردەوام رووخۆش و خۆڕاگر بووە بۆ هەموو شتێک.
زۆر زۆر سادە بووە لە هەموو ڕوویێکەوە و شارەزایەکی بە ئەزموونی سەربازی و شەڕی مەیدانی بووە. شارەزایەکی زۆر گەورە بووە لە سەر جوگرافیای ئەو ناوچانەی شەڕی تێدایە و خۆراگر بووە لە مەسەلەی نەخەوتن و ڕۆیشتن و هاتوچوو کردن بە پێ و شەڕی درێژخایەن.
ئێران بە هێز و چەک و ڕاوێژکار هاتە شەڕی داعش
ئەمینداری پێشمەرگە جەختی کرد کە فەرماندەکانی هێزی پیشمەرگە دەگێڕنەوە کە ئێرانیەکان هەم وەکوو هێزی شەڕکەر و هەم راوێژکار و هەمیش بە دابین کردنی چەک و تەقەمەنی هاتبوونە مەیدان و دیارە کە ئەو ئامادەبوونەی ئێران لە شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرماندەیی سەردار حاجی قاسمی سولەیمانی بووە.
ئەوەشی وت: ئەو هێزانە بە فەرماندەیی حاجی قاسم سولەیمانی هاوکاری باشی هێزی پێشمەرگەیان کرد تاکوو رێگە نەدرێت داعش بێتە ناو هەرێمی کوردستان و شاروشارۆچکەکانی داگیر بکات.
نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران:
"یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە فەرمان و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو."
ڕۆڵی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی لە شکست دانی داعش
هەمیشە لە قۆناغە سەختەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای فەرماندەیی هێزی قودس وقەرارگای ڕەمەزان کە دیارە جەنابی حاجی قاسم بەرپرس بووە لەو فەرماندەییە و هاوکار و یارمەتیدەر بووە بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام) و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی کورد. لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بە تایبەت لە ناوچەکان ئامرلی و (شنگال) حاجی قاسم و ڕاوێژکارەکانی ڕۆڵی گرینگیان نواند. بە بەشداریی کردن و سەرپەرەشتی کردنی ڕاستەوخۆی ئەو تیپە و هەروەها ناردنی چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ شکاندنی داعش.
پەیوەندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق لە گەڵ حاجی قاسم
لایەنە سیاسییەکانی کورد لەوانە پارتی، یەکێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەوانە هەموو پەیوەندییان هەبووە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کەناڵەی کە دەبوایە بەرپرس بێت لەو پەیوەندیە، قەرارگەی ڕەمەزان بوو بە سەرپەرەشتی فەرماندەیی قودس وحاجی قاسم و تا ئێستاکەشی لە گەڵ دا بێت، ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق نەپچڕاوە ولە ئاستێکی باشدایە و بەردەوامە.
هەڵوێست و ڕای لەسەر پێشمەرگە
بە ڕاستی ناکرێت فەرامۆش بکرێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا، هەوڵی داوە هێزی پێشمەرگە بەهێز بێت و هێزی پێشمەرگە ڕێکخراو بێت. بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی داعش بکەن و پێش داعشیش هەر بەو شێوە کە ئێمە شەڕی سەددام حسێن و لەشکرەکەی ئەومان دەکرد. هەڵوێست و ڕای وا بوو کە هێزی پێشمەرگە دەبێ هێزێکی پتەو بێت. دیارە ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان بوو. لە قۆناغەکانی شۆڕشدا ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستیانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی عێراق پێویستیان پێ بوو دابینی کردووە و یارمەتی پێشمەرگەی داوە.
پەلاماری داعش بۆ سەر هەولێر
کاتێک کە داعش پەلاماری ناوچەی هەرێمی کوردستان و هەولێری دا بە دڵنیاییەوە- من بەرپرسم لەم قسەیەی کە دەیکەم، لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەجێ پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرا. تەنانەت بۆ دڵنیابوونەوە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران شەو درەنگان تەلەفۆنی بۆ من کرد بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو دەنگوباسانە کە پەیوەندی کراوە بۆ پشتیوانی کردن و بە هاناوەچوونی هەرێمی کوردستان.دیارە بە دڵنیاییەوە دەسبەجێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگ ئەو داخوازییەی هەرێمی کوردستان و جەنابی کاک مەسعود و جەنابی کاک نێچیرڤانەوە چوون و هەر بەو شەوە فڕۆکەی چەک و تەقەمەنیان ناردە هەرێمی کوردستان و چەندین ڕاوێژکاریشیان نارد بۆ بەشداری کردن و هاوکاری هێزی پێشمەرگە و ئەوە بوو کە داعش تێکشکا. دیارە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە زۆر لایەنەوە کرد بەڵام یەکەم هاوکاری و یارمەتی کە گەیشتە هەرێمی کوردستان هاوکاری و یارمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دیارە بە دەستوور و پشتیوانی جەنابی حاجی قاسم سلێمانی بوو.
عەمید سەرباز حەمەد ئەمین حسێن
عەمید سەرباز حەمەد ئەمین حسێن فەرمانده له هێزی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق کە لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش لە شەنگال سەبارەت بە ڕۆڵی سەربازی و جەنگاوەریی سەردار سولەیمانی لە بەرەی شەڕ دژی داعش و ڕاوێژکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگە، وتی:
لەو کاتەشدا کە تیرۆریستان نزیک بوونەوە لە داگیرکردنی هەولێر و کەرکوک و دهۆک هیچ هێزێکی دەرەکی ئامادە نەبوو بۆ یارمەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بێتە مەیدان، تاکە وڵات کە سەرەتا و پێش هەموان ئامادە بوو یارمەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بدات، تەنیا ئێران بوو کە بە سەرپەرەشتی خوالێخۆش بوو، حاجی قاسم سولەیمانی بە زووترین کات هاتە مەیدانی شەڕی داعش لە هەموو بەرەکانی شەر و هاوکاری سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ هێزی پێشمەرگە هێنا و یارمەتی راوێژکاریی هەرێمی کوردستان و عێراقی دا.ئەمەش بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان زۆر جار لە دیمانەکانیاندا باسیان کردووە و سپاسی ئێرانیان کرد.
یارمەتی حاجی قاسم سولەیمانی بۆ پێشمەرگە
پاڵپشتی حاجی قاسم لە قۆناغی یەکەمدا بووە هۆی وەستاندنی هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و لە قۆناغی دووەمیشدا پاڵپشتی کردین بۆ ئەوەی هێرش بکەینەوە سەر تیرۆریستەکان و گەڕاندنەوەی ئەو شوێنانەی لە دەست درابوو.
خوالێخۆشبوو حاجی قاسم وەک پێشمەرگەیەک لە ناو سەنگەرەکان دەجەنگا. حاجی قاسم وا خۆی پیشان دەدا و هەوڵی ماندوونەناسانەی دەدا کە وەکوو ئەوەی یەکێک بێت لە خەڵکی عێراق، ئەڵبەت وا نییە کە بڵێین یەکەم جارە حاجی قاسم هاوکاری پێشمەرگە و عێراقییەکان دەکات نەخێر لە هەشتاکان و نەوەدەکانەوە ئێران هاوکاری ئێمە دەکات و حاجی قاسم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناسراوبووە.
ئێران چەک و چۆڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد
لە دوای ئەوەی تیروریستانی داعش له سنووری سووریاوە هاتنه ناو عێراق چەندین شار و شارۆچکەیان داگیر کرد. لەو کاتەدا هێزەکانی عێراق به گشتی و پێشمەرگه بە تایبەتی خۆیان ئامادە نەکردبوو. عێراق تووشی کێشەی گەورە بوو و خەریک بوو کارەساتێکی گەورە بقەومێت. هێزی ئێرانی و بە تایبەت بە سەرپەرەشتی حاجی قاسم سولەیمانی بەردەوام چەک و چۆڵیان ناردووە بۆمان و یارمەتی پێشمەرگەیان داوە و بە تایبەت لە سنووری مووسڵ و لەو دەڤەرە جبەخانەی ئێران هات و بوردومانی داعشی کرد و داعشیان وەستاند و لە قۆناغیکی دیکەشدا بۆ گەڕاندنەوە و دەستخستنەوەی بەنداوی موسڵ ئێرانیەکان دەوری باشیان هەبوو و ئێران پاشەکشێی نەکرد تاکوو داعش بە تەواوەتی لە عێراق دەرکرا.
ئازاد کردنی "ئامرلی و شنگال"
هێزەکانی سوپای قودسی ئێران بە فەرماندەیی حاجی قاسم سولەیمانی لە ئامرلی، شنگال، مەخموور، گوێڕ، گەرمیان، خانەقین و جەلەولا لە هەولێر هاتن و هاوکاری پێشمەرگەیان کرد. بە تایبەتی لە ئامێرلی و جەلەولا دەورێکی یەکجار باڵایان بوو لە ئازاد کردنی ئەوناوچانە لە دەستی داعش. لە کاتی شەڕی ئامرلیدا من لە شەنگال بووم بەلام بە برووسکە و بە بێسیم لە گەڵ فەرماندەکانی دیکەی پێشمەرگە قسەمان دەکرد و ئاگادار کراینەوە کە حاجی قاسم سولەیمانی خۆی لە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و خۆی بەشداری دەکات لە شەڕدا. ئەمەش لە کەم کەس بینرا کە خۆی بەو پلە پایە بەرزە سەربازییەی کە هەیەتی بێتە ناو سەنگەری پێشمەرگە و ڕاستەوخۆ شەڕ بکات.
دلشاد نامق
کارناسێکی سیاسی کورد دەڵێت: کاتێ هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی کەرەستەی سەربازیەوە ئەو توانایەی نەبوو بەتەنیا ڕوبەڕوی داعش ببێتەوە، ئێران یەکەم وڵات بوو یارمەتی دا.
دڵشاد نامێق فەرەج، کارناسی سیاسی و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: بێگومان لەو کاتەدا هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە ئەرکێکی سەختی کەوتە سەرشان کاتێک ئەم ڕێکخراوە بەشێک لە خاکی هەرێمی داگیرکرد لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەڕوی کەرەستەی سەربازیەوە ئەو توانایەی نەبوو بەتەنها ڕوبەڕوی داعش ببێتەوە، چونکە داعش پڕچەک بوو لەو چەکوچۆڵەی لە سوپای تێکشکاوی عێراق و بەشێک لە سوپای سووریا دەستی کەوتبوو، و هەرێم لە ژێر گەمارۆی عێراقدا بوو، حکومەتی عێراق وەک پێویست هاوکاری سەربازی لەگەڵ هەرێمدا نەدەکرد، بۆیە سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمیش ناچاربوون داوا لە دۆستاتی خۆیان بکەن بەهانایانەوە بێن ولەو شەڕەدا کۆمەکیان بکەن.
دڵشاد نامێق گوتیشی: بێگومان کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکێکە لە دەوڵەتانی دراوسێی عێراق وهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی لەمێژینە هەیە لە نێوان کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیدا و داعشیش دوژمنی هاوبەشی هەردوولایان بووە و هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەکرا کە ئێران وەک هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێم بڕوانێت و هاوکاری بێت لەو جەنگەدا، هەر وایشبوو کە ئێران هاوکاری دەوڵەتی عێراق و هاوکاری هەرێمی کوردستانیشی کرد.
ئاسایشی ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەیەکترەوە
ئەو کارناسە سیاسییەی هەرێمی کوردستان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی ئێران ئەوەندە بە گرینگیەوە دەڕوانێتە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا کەوتنی هەرێمی کوردستان ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیشی ڕووبەڕووی مەترسی دەکردەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لەوەتەی دروستبووە هەوڵیداوە دراوسێیەکی باش بێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و نەیویستووە ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە ئێران و ئێران زووتر لە وڵاتانی تر واقیعی دەستووری و کیانی هەرێمی کوردستانی لە عێراقی نوێدا قبووڵ کرد و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ قەوارەی هەرێم بنیاتنا و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی لە هەرێم کردەوە، ئەمە وێڕای کردنەوەی نوێنەراتی حکومەتی هەرێمیش لە ئێران.
ئەوەشی وت کە ڕۆڵی هاوکارییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسیەوە دەچێتە چوارچێوەی ستراتیژی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر وهێزە تەکفیریەکان، و هەمانگی هەمەلایەنە لەپێناو سەقامگیری ناوچەکە وبەردەوامی پەیوەندی دۆستانە.هەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنگە لە پاراستنی ئەو سەقامگیریە هەرێمایەتیەدا و خشتێکی گرنگی بینایەکەیە، کە ڕۆڵ دەگێڕێت و پێگەیەکی وەهای هەیە کە نابێت نادیدە بگیرێت.
هەرێمی کوردستان نیگەران بوو بە شەهید کرانی سەردار سولەیمانی
ئەو کارناسە دەڵێ: هەرێمی کوردستان لە گرژی وململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەمیشە ویستویەتی کاراکتەری خێر وئاشتی بێت، بەڵام ئەوەیشی ڕەچاو کردوە کە ئێران دراوسێیەتی وڕۆڵەکەیی لەبەرچاوگرتووە، بۆیە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر(حاجی قاسمی سولێمانی)، هەرێمی کوردستان نیگەرانی دەربڕی و لەسەر ئاستی ڕەسمی حکومی و حیزبی پرسەنامە و هاوخەمی بۆ ئێران دەربڕی، وە بەڕاشکاوی ئەوەی دوپاتکردەوە نابێت عێراق بکرێتە مەیدانی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، سەرەڕای ئەوەی بەشاندی ڕەسمی بەشداری مەراسیمەکانی پرسەی کرد کە لەکوردستان بەڕێوەچوون.